لە کەرکووک پیاوێک منداڵە سێ مانگەکەی فڕێدەداتە نێو حەوز و دەخنکێت

رووداو دیجیتاڵ

منداڵێک لەلایەن باوکیەوە فڕێ دەدرێتە نێو حەوزێک. پۆلیس دەڵێت، ئەو هاووڵاتییە "نەخۆشیی دەروونی هەیە." 
 
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "درەنگانی شەوی رابردوو (یەکشەممە، 1-9-2024) پیاوێک لە ناحیەی تازە سەر بە پارێزگای کەرکووک، منداڵەکەی خۆی کە تەمەنی سێ مانگ بووە، فڕێ داوەتە نێو حەوزێكی ئاوەوە و بەو هۆیەوە منداڵەکە خنکاوە."
 
عامر نووری گوتی، "بۆمان دەرکەوتووە باوکەکە کە لە نەتەوەی عەرەبە، لە رووی دەروونییەوە دۆخی باش نییە و کێشەی دەروونی هەیە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، باوکەکە دەستگیرکراوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا گوتوویەتی، "کێشەم لەگەڵ هاوژینەکەم هەبووە؛ بۆیە ئەو تاوانەم ئەنجامداوە."