بانکی ناوەندی کارکردنی سێ کەس لە دامەزراوە دارایی و بانکییەکان قەدەخە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی عێراق سێ کەسی لە کارکردنی لە بانک و کۆمپانیاکانی دارایی قەدەخەکرد و دەڵێت: سەرپێچیی رێنماییەکانی کاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و نێوەندگیرییان کردووە. 
 
بەپێی گشتاندنێکی بانکی ناوەندیی عێراق کە ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، بە واژۆی د. عەممار حەمەد خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکەکە بەوەکالەت بڵاوکراوەتەوە، نابێت هیچ بانک یان کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆری A  و B، کۆمپانیاکانی نێوەندگیری کڕین و فرۆشتنی دراوەکان، کۆمپانیاکانی پارەدارکردنی پڕۆژەکانی بچووک و مامناوەند، کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی دارایی، کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنیی مۆڵەتدراو، مامەڵە لەگەڵ "عەلائەدین حوسێن نسەیف، ئوسامە لوقمان ئیبراهیم عەبدولڕەحمان قەزاز و شوکرییە جەمال رازی ئەلکوفی"دا بکەن.
 
ئەحمەد جاف، نوێنەری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێمی کوردستان لە رابیتەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بانکی ناوەندی زۆرجار تۆمەتەکان ئاشکرا ناکات، بەڵام بەهۆی سەرپێچیکردن لە رێنماییەکان سزا دەدرێن، کە زۆر جار تێوەگلانە بە شوشتنەوەی پارە."
 
بەشی هەشتەمی رێنماییەکانی رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و نێوەندگیریی ژمارە یەکی ساڵی 2022ـی بانکی ناوەندیی عێراق، 7 کاری دیاریکردووە نابێت ئەو کۆمپانیایانە بیکەن و سزاشی دیاریکردووە. 
 
دەستپێنەکردنی کار دوای پێدانی مۆڵەت، سەرپێچیکردن و تێوەگلان لە تاوان و کەتنی ئابڕووبەرانە، یان شوشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، لەگەڵ کارنەکردن بۆ ماوەی شەش مانگ، لەدەستدانی 75٪ــی سەرمایە. بە هۆکارەکانی سزادان و داخستن دیاریکراون.
 
بەپێی ئامارەکانی رابیتەکە، لە عێراق نزیکەی دوو هەزار کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەبوون، لە دوای بڕیاری بانکی ناوەندی بە تێکەڵکردنیان، نزیکەی 80 کۆمپانیایان بەتەنیا خۆیان تۆمارکردووەتەوە، 140 کۆمپانیاش لە چوارچێوەی جۆرەکانی (A و B) تێکەڵکراونەتەوە. 
 
لە هەرێمی کوردستان 600 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەن، لە کاتی تۆمارکردن و تێکەڵکردنیان نزیکەی 120 کۆمپانیا دەمێنێتەوە کە مانگانە دەتوانن لە وەرگرتنی 90 ملیۆن دۆلار لە بانکی ناوەندی بە بەهای فەرمی سوودمەند ببن.