ماکرۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆدەبێتەوە

02-09-2020
نیشانەکردن ماکرۆن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-
ئاژانسی هەواڵی عێراقییە بڵاویکردەوە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە بەغدا، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو هێشتا نەگەیشتووە، بەگەیشتنیشی بە جیا لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 2ی ئەیلوولی 2020 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ماکرۆن بڕیاریدا سەردانی عێراق بکات. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای ئیمانوێل ماکرۆن بووە و پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بەڕێوەدەچێت، "چونکە لەبەر کەمیی کات ماکرۆن ناتوانێت سەردانی ھەولێر بکات و تەنیا چەند کاژێرێکیش لە بەغدا دەمێنێتەوە".
 
ماکرۆن چەند کاژێرێک لە عێراق دەمێنێتەوە. بابەتی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی عێراقی پرسی سەروەریی خاکی عێراق دەبێت، کە چاوەڕێ دەکرێت گفتوگۆ لەسەر کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەنێو خاکی عێراق و سنووربەزاندنی سوپای تورکیا بێت کە بەم دواییانە چەند جارێک بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
 
پێش دیدارەکەی لەگەڵ ماکرۆن ئەمڕۆ لە بەغدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق کۆدەبێتەوە و پاشان لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش کۆدەبێتەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاژێر 11:00 دەگاتە بەغدا.
 
ئەو دیدارانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق پێش کاتی سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ عێراق دەبێت، دوای گەیشتنی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق. لە بەغدا سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
سەروەری عێراق و پەیوەندی هەولێر و بەغدا و چارەنووسی داعشە فەرەنسییە دەستگیرکراوەکان، ئەو پرسانەن کە ماکرۆن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە