ئەندامێکی هاوپەیمانیی 188: هەمواری یاسای باری کەسێتی زیان بە کۆمەڵگە دەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی هاوپەیمانیی 188 دەڵێت، هەمواری یاسای باری کەسێتی زیانی بۆ بەهاکانی کۆمەڵگەی عێراقی هەیە و دژی بڕگەکانی دەستووریشە.
بوشرا ئەبولعیس، ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتییە ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پابەندین بە بەردەوامیدان بە هەڵمەتەکەمان بۆ رەتکردنەوەی هەموای یاسای باری کەسێتی تاوەکو ئەو پڕۆژەیە بەتەواوی لە پەرلەمان دەکشێندرێتەوە، چونکە ئەو هەموارە ئاڕاستەی هێزە دەسەڵاتدارەکان و هەوڵەکانیان بۆ شێواندنی بەها و پرەنسیپەکانی کۆمەڵگەکەمانی پێوەدیارە."
بوشرا ئەبولعیس گوتیشی، "ئەو هەموارە لە قووڵایی و نێوەڕۆکی قەوارەی خێزان دەدات کە کرۆک و بڕبڕەی پشت و بنچینەی بەهێزی هەموو کۆمەڵگەیەکی گەشەکردووی سەرکەوتووە".
هاوپەیمانیی 188 لە ژمارەیەک رێکخراو، کەسایەتی و پارتی سیاسی پێکدێت و دژایەتی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق دەکەن.
بە گوتەی ئەو ئەندامە، هەموارەکە پێشێلکاریی مافەکانی خێزانی تیدایە و "هەڕەشەیشە بۆ سەقامگیریی خێزان، هەروەها دەرگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەکانی خێزان و کەڵەکەبوونی ناکۆکییەکانی نێو خێزانەکان دەکاتەوە."
ئەندامەکەی هاوپەیمانیی 188 دەڵێت، "هاوپەیمانێتییەکەمان هەڵمەتەکانی بۆ دژایەتی ئەو هەموارە بەردەوام دەبن" و داوای لە هێزە سیاسییەکانیش کرد چاو بەو هەموارەدا بخشێننەوە و گوێ لە خەڵکی پسپۆڕ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بگرن؛ گوتیشی، "عێراق پێویستی بە پەسندکردنی سەدان یاسایە کە گرنگن؛ بۆیە رێگە نادەین هیچ هەنگاوێک دژی زیانگەیاندن بە کۆمەڵگە و هەڵوەشاندنەوەی بنرێت و وڵات بۆ چوار گۆشەی خوێناوی بگەڕێندرێتەوە."
بەپێی هەموارەکە، دەبێت ژن و پیاو لەکاتی پێکهێنانی ژیانی هاوژینییدا ئەو مەزهەبە دیاریبکەن کە دەیانەوێت حوکمەکانی بەسەریاندا جێبەجێ بێت؛ لەکاتی ناکۆکیی نێوان ژن و پیاوێکی مەزهەب جیاوازیشدا مەزهەبی پیاوەکە کاری پێدەکرێت.
هەمواری یاسای باری کەسێتی کە لە پەرلەمانە، لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە.
بەپێی هەموارەکە مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاد دەکرێت کە ئەمانەی تێدایە:
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
- هەر کەسێک پێشتر ئەو خاڵەی سەرەوەی جێبەجێ نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوژینەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسێتی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەویی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە، "دادگەی باری کەسێتی گرێبەستەکانی هاوژینی پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن."