رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت دەکات لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدیدا خولەکێک بە بێدەنگی رابوەستن.
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە نووسرای ژمارە 4000 کە رۆژی 1ی ئەم مانگە دەرچووە و بۆ سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکانی ناردووە، داوا دەکات لە 10یەم ساڵیادی هێرشەکانی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەروبەری رێز لە قوربانییان بگرێت.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "بە پشتبەستن بە رەزامەندیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاردرا بە گرتنەبەری هەموو رێکارێکی پێویست لەلایەن فەرمانگەکانی سەر بە ئێوەوە بۆ یەک خولەک راوەستان لە کاژێر 10ـی بەیانی رۆژی 3ـی ئابی هەموو ساڵێک، لەگەڵ راگرتنی هاتووچۆ، ئەوەش وەکو رێزێک بۆ گیانی سەرجەم شەهیدانی عێراق و قوربانیانی جینۆساید لە رۆژی نیشتمانیی جینۆسایدی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق."
نووسراوەکەی نووسینگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەلایەن نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە لە بەغدا بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێردراوە.
هاوکات کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی لە گشتاندنێکدا کە بۆ سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندنی ناردووە، دەڵێت، "داواتان لێدەکەین کاتی تەواو بۆ پەخشکردنی ژمارەیەک بەرنامە و هەواڵی رۆشنبیری تەرخانبکرێت بۆ تیشکخستنە سەر ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە رفاندن و تاوانەکانی دژی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە کردی."
کۆمیسیۆنەکە داوا دەکات رۆژی شەممە، 3ی ئابی 2024 رووماڵی یادی 10 ساڵەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە بکرێت.
3ی ئابی هەموو ساڵێک یادی کارەساتی شنگال دەکرێتەوە کە تێیدا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە بۆسەر شنگال 6 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران. لەو ژمارەیە سێ هەزار و 576یان رزگارکران و نزیکەی دوو هەزار و 600 کەسیش هێشتا ماون رزگاربکرێن."
دوای 10 ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال، هێشتا شارەکە نەگەڕاوەتەوە دۆخی جارانی. بەشێک لە ئاوارەکانی شارەکە هێشتا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن و دەڵێن دۆخی ئەمنی و ئاوەداننەکردنەوەی شارەکە رێگرە لە گەڕاوەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ