عێراق
ئەو عێراقییانەی لە 17ی تەممووزی 1968 تاوەکو 20ی ئاداری 2003 زیانیان بەرکەوتووە، پڕۆژەکە دەیانگرێتەوە. وێنەکان کەسوکاری ئەنفالن: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی بەعس دەکات. بەپێی پڕۆژەکە، دانیشتووانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش قەرەبوو دەکرێنەوە.
بڕیارە رۆژی 3ی ئابی 2024 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای "قەرەبووکردنەوەی موڵکەکانی زیانلێکەوتووانی دەستی بەعس" بکات، کە دوای بەرکاربوونی، یاساکەی پێشوو "قەرەبووکردنەوەی موڵکەکانی زیانلێکەوتووانی دەستی بەعس"ی ژمارە 16ی ساڵی 2010 هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام رێنوێنییەکانی کارپێکراو دەبێت.
بەپێی پڕۆژە یاسا نوێیەکە، کە لە 11 مادە پێکدێت، ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی رەفتارەکانی بەعس زیانیان بەرکەوتووە، ماڵی گواستراو و نەگواستراوەیان دەستی بەسەردا گیراوە یان لەنێوبراوە، یان بلۆککراون یان دەستیان بەسەردا گیراوە بە مەبەستی سیاسی یان رەچەڵەک یان مەزهەبی، قەرەبوو دەکرێنەوە.
بەپێی پڕۆژەکە ئەوانەی یاساکە دەیانگرێتەوە ئەمانەن:
- ئەو عێراقییانەی لە 17ی تەممووزی 1968 تاوەکو 20ی ئاداری 2003 زیانیان بەرکەوتووە.
- خەڵکی قەزاکانی بەلەد و دوجەیل.
پێشتر لە ساڵی 2010، پەرلەمانی عێراق یاسای قەرەبووکردنەوەی موڵکەکانی زیانلێکەوتووانی بەعسی پەسند کرد، بەڵام هەندێک کەموکورتیی تێدایە و پەرلەمان دەیەوێت یاسایەکی باشتر دەربکات.
لیژنەیەکی ناوەندی، بەبێ نوێنەری هەرێمی کوردستان
بەپێی رەشنووسەکە لیژنەیەکی ناوەندی بۆ قەرەبووکردنەوە پێکدەهێندرێت، لەگەڵ ژمارەیەک لیژنەی لاوەکی لە هەر پارێزگایەکی عێراق، لیژنە سەرەکییەکە (ناوەندییەکە) لە وەزارەتی دارایی دروستدەکرێت و پێکدێت لە:
- دادوەرێکی پلە دوو، سەرۆکی لیژنەکە دەبێت.
- نوێنەری ئەم لایەنانەی تێدا دەبێت کە ناونیشانیان دەبێت لە بەڕێوەبەری پێشکەوتوو کەمتر بێت: وەزارەتی دارایی و وەزارەتی داد.
ئەرکەکانی لیژنەکە بریتین لە:
- تەماشاکردنی بڕیارەکانی قەرەبووکردنەوەی لیژنە لاوەکییەکان، پەسندکردن یان رەتکردنەوەیان.
- بەرزکردنەوەی بڕیارەکان بۆ وەزارەتی دارایی بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەیان.
- تەماشاکردنی ئەو تانانەی لە بڕیارەکانی لیژنەکانی لاوەکی دەدرێن لە ماوەی 60 رۆژدا.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسیی پەرلەمانی عیراق بە رووداوی راگەیاند، زەرەرمەندانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن داوای قەرەبوو بکەنەوە؛ بەڵام تێبینیی لەسەر پڕۆژە یاساکە هەیە و دەڵێت، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی ناوەندیدا نییە.
بەپێی رەشنووسی یاساکە، بڕی قەرەبووکە کە لەلایەن لیژنە لاوەکییەکانەوە هەڵدەسەنگێندرێت، دەدرێتە زیانلێکەوتوو یان میراتگرەکانی.
حیزبی بەعس لە ساڵى 1968 دەسەڵاتى لە عێراق گرتەدەست و لە ساڵى 2003 هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى کۆتاییان بە دەسەڵاتەکەى هێنا.
شوان محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسیی پەرلەمانی عیراق بە رووداوی راگەیاند، دەوڵەمەند کردنی رەشنووسی یاساکە، نووسراویان بۆ ژمارەیەک دامەزراوە و وەزارەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
شوان محەممەد گوتیشی، "یاساکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام تێبینیمان لەسەر جێبەجێکردنی یاساکە هەیە، دەمانەوێت گەرەنتی جێبەجێکردنی بکرێت، جگە لەوە داوامان کردووە لیژنە و ئۆفیسی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە لە هەرێمی کوردستانیش هەبێت."
بەپێی رەشنووسی یاساکە، ژمارەیەک لیژنەی لاوەکی لە پارێزگاکانی عێراق بۆ هاوکاریکردنی لیژنە ناوەندییەکە دروستدەکرێن، کە لەم کەسانە پێکدێن:
- دادوەرێکی پلە سێ، سەرۆکی لیژنەکە دەبێت.
- نوێنەری ئەم لایەنانە، نابێت ناونیشانی لە بەڕێوەبەر کەمتر بێت: وەزارەتی دارایی، وەزارەتی داد و پارێزگا.
ئەرکەکانی لیژنەکە بریتین لە:
- وەرگرتنی داواکارییەکان و هەڵسەنگاندنی بڕی زیانەکە.
- ناردنی بڕیارەکانی قەرەبووکردنەوە بۆ لیژنەی سەرەکی.
جگە لەو لیژنانەی ئاماژەیان بۆ کراوە، لیژنەیەک بۆ وەرگرتنی تانەکانیش لە وەزارەتی دارایی دروستدەکرێت، کە لە دادوەرێک و بەڕێوەبەری ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی، نوێنەرانی خانووبەرە، دیوانی چاودێریی دارایی و داد پێکدێت.
ساڵی 2012 وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە راوێژکردن لەگەڵ پسپۆڕە بیانییەکانی بواری قەرەبووکردنەوەی کۆمەڵکوژی، لیژنەیەکی پسپۆڕی لە شارەزایانی زانکۆکانی سەلاحەدین، سلێمانی و دهۆک پێكهێنا، لیژنەکە لە ماوەی سێ مانگدا راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەبارەی زیانە ماددی و گیانییەکانی وێرانکارییەکانی رژێمی بەعس ئامادە کرد، کە لە ساڵانی 1963 تاوەکو 2003 لە کوردستان کردوونی، زیانەکان بە 384 ملیار دۆلار خەملێندرابوون، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بە پاساوی جۆراوجۆر قەرەبووکردنەوەکە رەتدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ