محەممەد حەلبووسی سکاڵا لەسەر سیاسەتمەدارێکی سوننە تۆمار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە تێوەگلانی لە تیرۆر، سکاڵا لەسەر یەکێک لە سیاسەتمەدارانی پارێزگای ئەنبار تۆماردەکات و دەڵێت: "تۆمەتبارکردنم بۆ هەراسانکردن و مەبەستی سیاسییە."
محەممەد حەلبووسی، لە دادگەی کەرخ لە بەغدا سکاڵایەکی لە دژی حەمید فەرحان هایس، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئینقازولعێراق تۆمارکرد، بەهۆی ئەوەی هایس رۆژی 29ـی مانگی رابردوو لە کەناڵێکی عێراق حەلبووسیی تۆمەتبارکردووە بەوەی لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2013ـی ئەنبار دەستی هەبووە و تۆمەتی تیرۆری داوەتە پاڵ.
لە سکاڵاکەدا، پارێزەرەکەی حەلبووسی ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، هایس گوتوویەتی: "حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر سەکۆکان دەوەستا و وێنەی هەیە و پشتیوانی لە تیرۆر دەکات."
سکاڵاکار ئەو قسانەی ئەو سیاسەتمەدارەی ئەنبار بە "ناوزڕاندن" دەزانێت و داوا دەکات رێککاری یاسایی لە دژی بگیرێتەبەر.
دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە، هایس وێنەی حەلبووسی لەسەر سەکۆی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2013ـی ئەنبار لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکردەوە و گوتی: "کاتێک قسە دەکەین، لە بۆشاییەوە قسە ناکەین، ئەمە وێنەی حەلبووسییە لە گۆڕەپانەکانی مانگرتن، ئەوەی راستی بڵێت سکاڵای لە دژ تۆمار دەکرێت؟ سکاڵاکە بەخێربێت و سێدارە بەخێربێت، بەڵام لە گوتنی هەق پەشیمان نابمەوە هەرچەند لەسەرم بکەوێت."
لەساڵی 2013، لە پارێزگا زۆرینە سونەنشینەکانی عێراق وەکو نەینەوا، ئەنبار، کەرکووک، سەڵاحەدین و دیالە، سوننەکان خۆپێشاندانی فراوانیان کرد و داوای رووخانی حکومەت، پێکهێنانی هەرێمی سوننە و رزگارکردنی گیراوانی سوننەیان دەکرد، دواتر ئەو خۆپێشاندانانە بە هۆکاری دەرکەوتنی داعش هەژمارکرا و بەشێک لە سەرکردەکانی سوننە سزادران، بەشێکیشیان هەڵاتن.