لە موسڵ کوڕێک خوشکەکەی بە گۆچان دەکوژێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا راگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە، کە خوشکەکەی خۆی بە گۆچان کوشتووە و دواتر تەرمەکەی لە گۆڕستانێکی شارەکە شاردووەتەوە.
 
رۆژی هەینی، 02-08-2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، هێزێکی هاوبەش لە فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا تۆمەتبارێکیان لە بەری راستی شاری موسڵ دەستگیرکرد، کە بە گۆچان لە خوشکەکەی داوە، تاوەکو گیانی لە دەستداوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەو ئافرەتە خێزاندار بووە، براکەیە بە گۆچان لەسەری داوە و برینداری کردووە، بەڵام نەیبردووەتە نەخۆشخانە، دوای ئەوەی گیانی لەدەستداوە، تەرمەکەی بردووەتە گۆڕستانی مەئمون لە موسڵ و لەوێ شاردوویەتییەوە.
 
لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە ئەو پیاوە بەهۆى ناکۆکیى خێزانى لە خوشکەکەى داوە و کوشتویەتى، دوای 15 کاژێر لە رووداوەکە، ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکراوە.
 
تۆمەتبارەکە بەگوێرەى مادەى 406ى یاساى سزادانى عێراق دەستگیرکراوە کە تایبەتە بە کوشتنى ئەنقەست و سزاکەى لەسێدارەدانە.