پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە هەڵبژاردن هەڵبژێردران

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
هونەر حەمید
باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە
باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە
A+ A-
 
رووداو - دیالە

دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و کێشمەکێشمی لایەنەکانی شیعە و سوننەی ئەو پارێزگایە، شەوی 1ی ئاب بە بەشداریی 13 ئەندامی ئەنجوومەن لە بەغدا، پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن یەکلایی کرایەوە.
 
عەدنان شممەری لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بوو بە پارێزگاری دیالە، عومەر کروییش لە فراکسیۆنی سەروەریی سوننەکان بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هەڵبژێردرا.
 
کورد لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە سێ کورسیی پارێزگاکەی هەبوو، لەم هەڵبژاردنەدا دوو کورسیی لەدەستدا، پێشووتر پۆستی جێگری پارێزگاری دیالەی لەلابوو، ئێستا ئەو پۆستەی لەلا نەماوەتەوە.
 
ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەڵێت، "پۆستەکانمان جێگیرن و پۆستمان هەیە کە بە دڵنیاییەوە هێڵی سوورە. کاری لەپێشینەمان رێککەوتنە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان. پشتیوان بە خودا پۆستی قایمقامیەتی خانەقین و 2 تا 3 ناحیەی خانەقین وەردەگرین."
 
بەشێک لە هاووڵاتییانی پارێزگای دیالە بە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ دڵخۆشن و بەشێکیشیان داوای موسەنا تەمیمی، پارێزگاری پێشوو دەکەنەوە.
 
محەممە حوسێن، قوتابی دەڵێت، "هیچ داواکارییەکمان لە پارێزگاری نوێ نییە، هەموومان حاجی موسەننا-مان دەوێت. هەموو کەس لێی رازییە. بەشێک لە خەڵکی دیالە ئەویان ناوێت، بەڵام زۆرینەی خەڵکی شار حاجی موسەننا-یان دەوێت."
 
حوسێن عەباس، فەرمانبەر گوتی، "هیوای خێرمان بەم ئیدارە نوێیەی پارێزگا هەیە. هەڵنەبژاردنی ئیدارەی نوێ بووە هۆی دواکەوتنی پرۆژەکان و بە نیوەچڵی بەشێکی دیکەی پرۆژەکان مابوونەوە. پێشتریش هەزاران گەنجی دیالە لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا خۆپێشاندانیان کرد و داوای هەلی کار و خزمەتگوزارییان دەکرد."
 
حامد زهیری، دووکاندار دەڵێت، "پیرۆزبایی لە خەڵکی پارێزگا خۆشەویستەکەمان دەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنی پارێزگار و پۆستەکانی دیکەی ئەنجوومەنی پارێزگا. پیرۆزبایی لە شەممەری دەکەین وەکو پارێزگاری نوێ. تەنیا داواکارییەکمان لەم پارێزگارە نوێیە هەیە، بایەخ بە پارێزگاکەمان بدات و بێبەشی نەکات لە خزمەتگوزاری و پێداویستییە رۆژانەکانی. هیچ شتێکمان لە پارێزگاری پێشوو نەبینی."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە لایەنە سیاسییەکانی پارێزگای کەرکووک و دیالە کردبوو لە هەڵبژاردنی کەسێک بۆ پارێزگار پەلە بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە