کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق: دەبێت تیشک بخرێتە سەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق داوا لە دامەزراوەکانی میدیایی دەکات لەیادی 10 ساڵەی هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر شنگال و کوشتاری ئێزدییەکاندا تیشک بخرێتە سەر تاوانەکانی داعش و کوشتن و رفاندنی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە.
 
کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی لە گشتاندنێکدا کە بۆ سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندنی ناردووە، دەڵێت: "بەپشتبەستن بەو دەسەڵاتانەی پێماندراوە و لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی مرۆیی و ئەرکی ئەخلاقی و پیشەییەوە داواتان لێدەکەین رووبەرێکی کاتی تەواو بۆ پەخشکردنی ژمارەیەک بەرنامە و هەواڵەکانی رۆشنبیری تەرخانبکرێت بۆ تیشکخستنە سەر ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە رفاندن و تاوانەکانی دژ بە ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە کردوونی."
 
هەروەها داوا دەکات رۆژی شەممە، 3ـی ئابی 2024 رووماڵی یادی 10 ساڵەی جینۆسایدی دژ بە ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە بکرێت.
 
3ـی ئابی هەموو، یادی کارەساتی شنگال دەکرێتەوە، کە تێیدا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال. حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی هێرشەکانی داعش بۆ شنگال و ئێزدییەکان، شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێندران، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 576یان رزگارکران، نزیکەی دوو هەزار و 600 کەسیش هێشتا ماون."
 
دوای 10 ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال، هێشتا شارەکە نەگەڕاوەتەوە دۆخی جارانی، بەشێک لە ئاوارەکانی شارەکەش هێشتا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن و دەڵێن دۆخی ئەمنی و ئاوەداننەکردنەوەی شارەکە رێگرە لە گەڕاوەیان.