حکومەتى خۆجێیی دیالە هەڵبژێردرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکەى هەڵبژارد، پارێزگارى پێشوو بەشدارى کۆبوونەوەکەى نەکرد کە یەکێک بوو لە بەربژێرانى ئەو پۆستە، ئەویش بەهۆى ناڕازیبوونى هۆزەکەى لەو کۆبوونەوەیە.
لەو کۆبوونەوەیەدا عەدنان جایر، بە پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا کە نزیکە لە بەرەى نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا. هاوکات عومەر ئەلکوروى، بە سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا، کە لە هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکانە.
سالم تەمیمیش لە هاوپەیمانیی ئیستیحقاقی دیالە کە شیعەیە، وەک جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردرا. هەریەک لە مستەفا تالیب، وەک جێگرى یەکەم و غازى فەیسەڵ وەک جێگرى دووەمى پارێزگار هەڵبژێردران.
لە کۆى 15 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە، 10 ئەندامیان بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کرد کە درەنگى شەوى یەکى ئاب لە بەغدا کرا.
دیارترین ئەو ئەندامانەى بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد، موسەننا تەمیمى، پارێزگارى پێشووە کە ئێستا لە فراکسیۆنى دیالەتونا ئەندامى ئەنجوومەنە و بەربژێر بوو بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار.