حکومەتى خۆجێیی دیالە هەڵبژێردرا

02-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکەى هەڵبژارد، پارێزگارى پێشوو بەشدارى کۆبوونەوەکەى نەکرد کە یەکێک بوو لە بەربژێرانى ئەو پۆستە، ئەویش بەهۆى ناڕازیبوونى هۆزەکەى لەو کۆبوونەوەیە.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا عەدنان جایر، بە پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا کە نزیکە لە بەرەى نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا. هاوکات عومەر ئەلکوروى، بە سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگارى دیالە هەڵبژێردرا، کە لە هاوپەیمانیى سەروەریى سوننەکانە.
 
سالم تەمیمیش لە هاوپەیمانیی ئیستیحقاقی دیالە کە شیعەیە، وەک جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردرا. هەریەک لە مستەفا تالیب، وەک جێگرى یەکەم و غازى فەیسەڵ وەک جێگرى دووەمى پارێزگار هەڵبژێردران.
 
لە کۆى 15 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە، 10 ئەندامیان بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کرد کە درەنگى شەوى یەکى ئاب لە بەغدا کرا. 
 
دیارترین ئەو ئەندامانەى بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد، موسەننا تەمیمى، پارێزگارى پێشووە کە ئێستا لە فراکسیۆنى دیالەتونا ئەندامى ئەنجوومەنە و بەربژێر بوو بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار. 
 
 
موسەننا تەمیمى لە هەژماری تایبەتیی خۆى لە فەیسبووک نووسیوویەتی: "وەک جێبەجێکردنى داواکاریى هاووڵاتییانى دیالە و هۆزى تەمیمى و دەنگدەرانى، بەشداریم لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا نەکرد."
 
لە کاتی کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە بەغدا، بەشێک لە دانیشتووانی دیالە کە سەر بە هۆزى تەمیم بوون لە بەردەم بارەگاى ئەنجوومەن لە شارى بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاکە، خۆپێشاندانیان کرد و داوایان دەکرد پارێزگار لە هۆزەکەیان بێت.
 
شەوى یەکى ئابی 2024، عەقید هەیسەم شەممەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خۆپێشاندەران بەردەم ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالەیان داخستووە، وەک ناڕەزایەتییەک لە دژى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاکە کە لە بەغدا دەکرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە