تورکیا 70% و ئێرانیش 100%ی بەشە ئاوی عێراقیان گرتووەتەوە
رووداو - بەغدا
کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق تایبەت بە بەڕێوەبردنی ئاو لە بەغدا بەڕێوەچوو؛ وەزارەتی شارەوانیی عێراق خاوەن ماڵە و هاوتاکەی لە هەرێمی کوردستانەوە بەشداریی کۆنگرەکەی کرد. هەرچەندە کۆنگرەکە ئامانجی بوو سەرچاوەکانی ئاو لە ناوچە نیشتەجێبووەکان باش بەکاربهێندرێن و ئاوی پاک بەردەست بێت، بەڵام چاوی هەمووان لە دەرەوەی عێراقە.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، 70%ی سەرچاوەکانی ئاو لەژێر مەترسیدان، ھۆکارەکەشی وڵاتانی تورکیا و ئێرانە.
دکتۆر عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، "ئێستا لێکتێگەیشتن ھەیە لەگەڵ تورکیا بۆ بەردانەوەی ئاوی تەواو، دانوستاندنیش بەردەوامە لەگەڵیان و لەم دواییەشدا لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا کۆبوومەوە و هەوڵ و کارەکان بە شێوەیەکی گشتی بەردەوامە."
تورکیا و ئێران سەرچاوەی ئاوی عێراقن، ئێستا تورکیا بە رێژەی 70% ئاوی لەسەر عێراق گرتووەتەوە و ئێرانیش 100%.
ئەحمەد مەجید ، پەرلەمانتار لە لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەم بابەتە پێویستی بە دانوستاندنکاری بەھێزە و ئەمە کاری وەزارەتی دەرەوە و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیە، ئەگەر دراوسێکانمان پشکی ئاوی تەواو بۆ عێراق بەرنەدەنەوە بە شێوەیەکی یاسایی، پێویستە بچینە ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیاندنی دەنگی 40 ملیۆن عێراقی."
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، کە لە سەرەتای ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە، عێراق زیاتر لە 23 ملیۆن دۆنم زەویی هەیە کە شیاوە بۆ کشتوکاڵ، بەڵام نەبوونی ئاو و وشکەساڵی وایان کردووە کە ئەمساڵ كەمتر لە 10 ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی تێدا بکرێت.
لە کاتێکدا لە بەغدا کۆنگرەی نیشتمانی بۆ ئیدارەدان و سەلامەتیی ئاو بەڕێوەدەچێت، رۆژانە ئاستی ئاوی رووباری دیجلە کەم دەبێت و دادەبەزێت، لە سێ ساڵی رابردووشدا نزیکەی 10 جار کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی بەستراوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە و ساڵانەش ھەزاران دۆنم زەویی کشتوکاڵی لە عێراق بەھۆی نەبوونی ئاو و وشکەساڵییەوە دەبنە بیابان.