لە 6 ساڵدا لە عێراق زیاتر لە 52 هەزار کەس بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاوارە بوون


رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی هاوئاهەنگی و کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە شەش ساڵی رابردوودا زیاتر لە 52 هەزار عێراقی ئاوارە بوون، زۆربەی ئەو ئاوارەبوونانەش لە نێوەڕاست و باشووری عێراق بووە.

بەگوێرەی ئاژانسەکە؛ 13٪ـی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بەهۆی دۆخی خراپی کەشوهەواوە ئاوارە بوون. ئەوانەش کە هێشتا نەڕۆیشتوون بە "دانیشتووانی گیرخراردوو" ناودەبات، چونکە زۆربەیان لەبەر خراپیی باری داراییان ناتوانن شوێنەکەیان جێبهێڵن.
 
ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوارەبوونی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بۆ چوار هۆکاری سەرەکی دەگەڕێنێتەوە لەوانە: کێشە ژینگەییەکان و نەبوونی ئاو، نەبوونی خزمەتگوزاری و ژێرخان، نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و شەڕ و پێکدادان.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 52 هەزار و 290 هاووڵاتی لە نێوان کانوونی دووەمی 2016 بۆ تشرینی یەکەمی 2022 ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەی شارەکانی نێوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بوون. واتە لە هەر 10 دانیشتوویەکی ئەو ناوچانە یەکێکیان ئاوارە بووە.
 
ئەو ئامارەی لە راپۆرتەکەدا خراوەتەڕوو لە 9 پارێزگا، 29 قەزا و 262 شارۆچکە کۆکراوەتەوە.
 
ئەو ئاژانسەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی 62 هەزار خێزان لەو ناوچانەی عێراقدا دەژین، کە ئاوارەبوونی دانیشتووان تێیاندا روودەدات.
 
ئەو قەزایانەی زۆرترین دانیشتووانیان ئاوارە بووە بریتین لە قەلعە ساڵح لە میسان، کە نیوەی دانیشتووانەکەی واتە هەزار و 728 خێزان ناوچەکەیان جێهێشتووە، قەزای رەفاعی لە پارێزگای زیقار هەزار و 321 خێزان ناوچەکەیان جێهێشتووە، لە شاری ناسریە لە پارێزگای زیقار هەزار و 257 خێزان ناوچەکەیان جێهێشتووە.
 
لەو دوو پارێزگایەدا (ئەنبار و موسەننا) 10 شارۆچکە بە یەکجاری چۆڵکراون، کە زۆربەیان لە پارێزگای زیقارن؛ 5 دانەیان سەر بە قەزای ناسریەن و 3 دانەیان سەر بە قەزای سوق شیوخن.
 
85٪ی هۆکاری ئاوارەبوونی ئەو خێزانانە لەو ناوچانە وشکەساڵی و خۆڵبارانی زۆرە؛ بەشێکی زۆریشیان بە هۆکاری سوێربوونی ئاو، خراپبوونی کوالێتیی خۆڵی زەوییە کشتوکاڵییەکان و گۆڕانی کاتی بارانبارین شوێنەکانیان جێهێشتووە.