سەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەستپێشخەرییەکەى نێچیرڤان بارزانى و کازمى تاوتوێ دەکەن

02-08-2022
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمڕۆ 2ـى ئابى 2022، سەرکردەکانی هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە بەغدا کۆببنەوە و تێیدا تاوتوێی ئەو دەستپێشخەریانە دەکەن کە کراون بۆ چارەسەرى قەیرانى سیاسی ئێستاى عێراق، لەوانە هەردوو دەستپێشخەریى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق.
 
ئەحمەد عیساوى، ئەندامى لیژنەى جێبەجێکردنى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەمڕۆ سەرکردەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کۆبوونەوەیەکى تایبەتى لەناکاو دەکەن، وەک کۆبوونەوەى خولى بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ئێستاى عێراق و ئەو دەستپێشخەریانەى کە خراونەتەڕوو بۆ چارەسەرى دۆخى ئێستا.
 
بەگوتەی ئەحمەد عیساوى، تاوتوێی هەردوو دەستپێشخەرى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەکەن. 
 
رۆژی 31ـى تەممووز، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا لايه‌نه‌ سياسييه‌ په‌يوه‌ندیداره‌كانى عێراقى بانگهێشتکرد کە له‌ هه‌ولێرى پايته‌ختى هەرێمى کوردستان کۆببنەوە و ده‌ست به‌ گفتوگۆيه‌كى كراوه‌ى كۆكه‌ره‌وه‌‌ بكه‌ن. 
 
ئەو ئەندامەی لیژنەى جێبەجێکردنى رەوتى حیکمە گوتیشی: "هەردوو دەستپێشخەرییەکە لەلایەن چوارچێوەى هاوئاهەنگییەوە پێشوازییان لێکراوە، بەڵام بۆ دوا هەڵوێستى چوارچێوەى هاوئاهەنگى چاوەڕوانى ھەڵوێستى رەوتى سەدر دەکەین لەبارەى ئەو دەستپێشخەریانەوە بەتایبەت ئەوەى مستەفا کازمى." 
 
هەروەها رۆژی دووشەممە 1ـی ئابى 2022، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا داواى لە لایەنە سیاسیەکان کرد بەرەو تۆمەتبەخشینەوە و دروستکردنی دووژمنکاری و رق لە نێوان عێراقییەکان هەنگاونەنێن و "هەموو لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆی نیشتمانی کۆببنەوە لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئێستا." 
 
لەبارەى شوێنى کۆبوونەوەکەى سەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، ئەحمەد عیساوى گوتى: "شوێنى کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە، بەڵام ئەگەر زۆرە لە ماڵى عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە یان ماڵى هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح بێت." 
 
لە 29ـى تەممووزەوە لایەنگرانى رەوتى سەدر خۆپێشاندانیان لە دژى بەربژێرکردنى محەممەد شیاع سوودانى دەستپێکردووە کە بەربژێرى چوارچێوەى هاوئاهەنگییە بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران و چوونەتە نێو هۆڵى پەرلەمان.
 
چوارچێوەى هاوئاهەنگى ئەو هەنگاوەى سەدر بە کودەتا بەسەر دەستوور و پڕۆسەى سیاسیى دەزانێت و 1ـى ئاب دژەخۆپیشاندانیان لە بەغدا کرد. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە