باڵیۆزی ئەمریکا و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق چەند پرسێکی یاسایی تاوتوێ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەتەوە. ئەنجوومەنی باڵای داوەریی عێراقیش ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی یاساییان تاوتوێ کردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 2ـی تەممووزی 2024، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "لەگەڵ دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق کۆبوومەوە، ئەوەش وەک بەشێک لە پەیوەندییە باش و گەشەسەندووەکانمان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە کارکردن لەسەر بابەتە یاساییە گرنگەکانی بەرژەوەندیی هاوبەش."
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقیش رۆژی سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، فایەق زێدان و ئەلینا رۆمانۆوسکى چەند پرسێکی یاساییان تاوتوێکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوولا "باسیان لە رێگەکانی پەرەدان بە هاوکاری نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان کرد."
 
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە، رۆژی 30-6-2024، مایک وۆڵتز، ئەندامی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانى ئەمریکا داوایکرد یاسای پارەدارکردنی لایەنە بیانییەکان هەموار بکرێتەوە و تێیدا دیاری بکرێت کە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و فایەق زێدانی سەرۆکی، بوونەتە ئامرازی دەستی ئێران و هەموو مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵیاندا بوەستێنرێت.
 
ئەو گوتانەی سیناتۆرە ئەمریکییە کاردانەوەى لەعێراق لێکەوتەوە، زۆربەى دامەزراوەکانى سەرکۆنەیان کرد.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەتەواوەتی راگەیێندراوەکەی وۆڵتز رەتدەکەنەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو جۆرە راگەیێندراوانە دەبنە هۆی پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی دەوڵەتی عێراق و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش رایگەیاند، پاڵپشتى لە دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق دەکەن و گوتى: "هەوڵە گەورەکانى و خزمەتە دڵسۆزانەکانى بۆ دادگە و وڵات بەرز دەنرخێنین".
 
فایەق زێدان لە ساڵى 2017ـەوە سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراقە، کە باڵاترین دەسەڵاتى دادوەرییە.