بانکی رافیدەین: کارکردن لە 31 لق بە کاخەز نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
بانکی رافیدەینی حکومەتی عێراق رایگەیاند، 31 لقی بانکەکە مامەڵەی کاخەزییان بۆ ئەلیکترۆنی گۆڕیوە و کار دەکەن بۆئەوەی لە سەرجەم لقەکانی دیکەی بانکەکەدا پشت بەو سیستمە ببەستن.
بانکی رافیدەین، کە یەکێکە لە بانکەکانی حکومەتی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بۆ گۆڕینی سیستمی مامەڵە و راییکردنی کارەکانیان کرد و روونیدەکاتەوە، "لەپێناو جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت لە گواستنەوە لە مامەڵەی کاخەز بۆ ئەلیکترۆنی بۆ پێشکێشکردنی باشترین خزمەتگوزاری، بانکەکەمان رایدەگەیێنێت لقی سەیادلە لە بەسرە بە تەواوەتی سیستمەکەی جێبەجێ کرد، بەوەش دەچێتە پاڵ ئەو لقانەی دیکەی بانکەکە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، جگە لە لقەکانی دەروازە سنوورییەکانی زرباتییە، سەفقان، عەرعەر و ترێبیل."
بەپێی بانکەکە، ئێستا 31 لقیان کارکردنیان بە کاخەز کۆتایی پێهێناوە و سەرجەم مامەڵەکانیان لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت.
بانکی رافیدەین ئاماژەی بەوەش کردووە، پشتبەستنیان بە سیستمی ئەلیکترۆنی و کۆتاییهێنان بە سیستمی کاخەزی بەپێی پلانێکی داڕێژراو دەڕوات، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی بۆ گیڕانەوەی کات بۆ ئاسانکردنی رێککارەکان و لابردنی ئەو بەربەستانەی دێنە پێشەوە لەکاتی راییکردنی مامەڵەکان، هەموو ئەوانەش لەپێناو پێشکێشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان دەکرێت.
تەوەری دووەمی کارنامەکەی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی، کە چاکسازیی حکومەتە، یەکێک لە بڕگەکانی ئاماژە بەوە دەکات، بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی ئەلیکترۆنی وەکو یەکێک لە لەپێشترێتییەکانی حکومەت.