یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی لە عێراق چووە واری جێبەجێکردنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق رۆژنامەی وەقائیعی بڵاوکردەوە، کە یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشیی تێدا بڵاوکراوەتەوە، بەو جۆرەش یاساکە چووە واری جێبەجێکردنەوە. یاساکە لەشفرۆشی، رەگەزگۆڕین و هاوڕەگەزخوازی بە تاوان ناساندووە.
رۆژی 1ی تەممووزی 2024 ژمارە 4781ی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە، کە ژمارەیەک یاسا و بڕیاری تێدایە. یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2024 کە هەمواری یەکەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی ژمارە 8ی ساڵی 1988ـە، یەکێکە لەو یاسایانەی لەو ژمارەیەدان. بەو جۆرە یاساکە چووە واری جێبەجێکردنەوە.
لەشفرۆشی، لادانی سێکسی، رەگەزگۆڕین و هاوڕەگەزخوازی تاوانن
یاسای پێشوو ناوی (یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی) بوو، ناوەکەی بۆ (یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی و لادانی سێکسی) گۆڕاوە و لە 12 مادە پێکدێت.
لە یاساکەدا لەشفرۆشی پێناسەکراوە بەوەی، دووبارەکردنەوەی سێکس کردن "زینا"یە لەگەڵ زیاتر لە کەسێک بە بەرامبەر بێت یان بێ بەرامبەر.
لادانی سێکسیش ئەم رەفتارانە دەگرێتەوە:
- پەیوەندیی نێوان دوو کەس لە هەمان رەگەز؛ نێر و نێر یان مێ و مێ.
- ئاڵوگۆڕکردنی ژن بە مەبەستی سێکس کردن.
- دەڵاڵی، کە پیشەی ئەو کەسانەیە نێوەندگیری دەکەن لەنێوان دوو کەس بە مەبەستی ئاسانکردنی لەشفرۆشی یان لادانی سێکسی.
یاساکە گۆڕینی رەگەزیشی تێدا قەدەخە کراوە، جگە لەو دۆخانەی نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت لەپێناو چارەسەرکردنی شێواوییە زگماکییەکان یان دوای هەبوونی بڕیاری دادگە بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستی.
یاسا نوێیەکەی عێراق، کار و چالاکییەکانی هەموو ئەو رێکخراوانەش قەدەخە دەکات کە بانگەشە بۆ لەشفرۆشی یان لادانی سێکسی دەکەن و بەپێی یاسا سزا دەدرێن.
دەستەی راگەیاندن و گەیاندن و وەزارەتی گەیاندنیش پابەند دەبن بە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رێگەگرتن لە بازاڕپێدان بە لادانی سێکسی، بڵاوکردنەوەی بابەتی سێکسی یان بابەتی ئابڕووبەرانە و دژە نەریت و رەوشتی گشتی.
حەیدەر بەیاتی، پارێزەرێکە زیاتر لە 15 ساڵە لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان کاری پارێزەرایەتی لە دادگەکانی عێراق دەکات و دەڵێت، "دەکرێت یاساکە بۆ داخستنی رێکخراوەکان، ئابڕووبردنی کەس و هۆتێل و دامەزراوەکان بەکاربهێندرێت؛ بۆیە یاساکە گشتییە. ئەم بابەتە لەبەر ئەوەی نوێیە، بە دڵنیاییەوە پێویستی بە هەموارکردنەوە دەبێت."
سزای قورس و پێبژاردن
(یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی و لادانی سێکسی) سزا و پێبژاردنیشی بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە کە ئەو کارانە دەکەن.
بەپێی مادەی سێیەمی یاساکە، ئەم سزایانە بۆ ئەو کەسانە دیاریکراون:
ئەم کەسانەی خوارەوە بە زیندانیکردن بە ماوەیەک لە 7 ساڵ زیاتر نەبێت یان پێبژاردنێک لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێن:
- هەر دەڵاڵێک یان هەر کەسێک یارمەتیدەر بێت لە کاری دەڵاڵی بۆ لەشفرۆشی و لادانی سێکسی.
- هەر کەسێک یان بەڕێوەبەری شوێنێک رێگە بە چوونە ژوورەوەی کەسانێک بدات بۆئەوەی لەشفرۆشی یان لادانی سێکسی بکەن.
- هەر کەسێک ماڵی لەشفرۆشی هەبێت یان بەڕێوەی ببات.
- ئەو کەسانەی سەرەوە دەست بەسەر سەرجەم موڵک و ماڵەکانیان بە گواستراوە و نەگواستراوە دەگیرێت.
مادەی چوارەمی یاساکە دەڵێت، هەر کەسێک کاری لەشفرۆشی بکات بە 7 ساڵ زیندانیکردن و بە پێبژاردنێک لە سێ ملیۆن دینار کەمتر و پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.
مادەی پێنجەمی یاساکەش زیندانیکردنی بە 10 ساڵ بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە کە کەسانێک بەزۆر و هەڕەشە یان بە فێڵ ناچار بە کاری لەشفرۆشی یان لادانی سێکسی دەکەن و تەمەنی تاوانلێکراو لە 18 ساڵ زیاتر بێت.
لە بڕگەیەکی دیکەیدا ئەو زیندانیکردنەی بە 15 ساڵ دیاریکردووە، ئەگەر تەمەنی کەسەکە لە 18 ساڵ کەمتر بێت.
مادەی شەشی یاساکە باسی لەوەکردووە کە زیندانیکردنی بە 10 ساڵ کەمتر نەبێت و 15 ساڵ زیاتر نەبێت بۆ ئەو کەسە دیاریکردووە کە لادانی سێکسی هەبێت.
ئەو کەسەشی بانگەشە بۆ لادانی سێکسی بکات بە 7 ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنێک کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 15 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.
مادەی حەوتی یاساکەش سزای زیندانیکردنی بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر و سێ ساڵ زیاتر نەبێت یان پێبژاردنێک لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە رەگەزی خۆیان دەگۆڕن.
بەپێی یاساکە کە پەرلەمانى عێراق لە 27ى نیسان پەسندی کرد و 27ـی ئەم مانگە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە پەسندکرا، هەرکەسێک ئەو کارانە بکات ئەگەر فەرمانبەری دەوڵەت بێت لەکارەکەی دوورخرێتەوە.