رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لە رێگەى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە داوایەک ئاراستەى وەزارەتى دارایی دەکات بۆ خەرجکردنى پارەى کارمەندانى سەر سندووقەکانى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، کە بەشێکى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە.
ئەو داواکارییەى کۆمیسیۆن لە رێگەى نووسراوێکەوە بووە، کە یەکى تەممووز ئاراستەى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى کردووە بۆ ئەوەى داوا لە وەزارەتى دارایی بکەن پارەى کارمەندانى سەر سندووقى دەنگدانى کۆمیسیۆن خەرج بکات.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو داواکارییە پارەى ئەو کارمەندانەى سەر سندووقەکانى دەنگدانیش دەگرێتەوە، کە بەشدارییان لە دەنگدانى تایبەتى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە سنوورى هەرێمى کوردستاندا کرد.
هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2032 کرا، لە سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان سندووق داندرا بۆ دەنگدانى تایبەتى هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان، کە خەڵکى پارێزگاکانى دیکەى عراقن.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: چاوەڕێى ناردنى فەرمان دەکەین لە ئەمینداریێتى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیران بۆ وەزارەتى دارایی بۆ خەرجکردنى پارەکە.
جومانە غەلاى گوتیشی "پارەکەى بۆ فەرمانبەرانى کۆمیسیۆن 250 هەزار و بۆ دەرچووى زانکۆ و پەیمانگاکان کە بەکاتى وەک کارمەندى سەر سندووقى دەنگندان کاریان کردووە 200 هەزار دینارە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ