چوارچێوەى هاوئاهەنگى: عێراق ئازادە چۆن مامەڵە بە پارەکانیەوە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى رایگەیاند، عێراق ئازادە لە مامەڵەکردن بە پارەکەیەوە و لە کوێدا پێویستى کرد بۆ بەرژەوەندیى وڵات خەرجی بکات. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە دەبێت بە شێوەى ناوەندی مامەڵە لەگەڵ بڕیار و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ عێراق بکرێت.
 
2ى تەممووزى 2023 هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستى ئەو هاوپەیمانێتییە شیعییە عێراقییەی لەبارەى چەند پرسێک بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى سەرکۆنەى سووتاندنى قورئانى پیرۆزى کرد لەلایەن پەنابەرێکى عێراقییەوە لە وڵاتى سوێد.
 
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە زۆرینەى لایەنە شیعەکان لەخۆدەگرێت جگە لە رەوتى سەدر، جەختی لەوە کردووەتەوە، عێراق ئازادە لە مامەڵەکردن بە پارەکەى و لە کوێدا پێویستى کرد لە بەرژەوەندیى وڵات بەکاریدەهێنێت.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەهۆى کۆت و بەندەکانى بانکى فیدراڵیى ئەمریکاوە خستنەڕووى فرۆشتنى دۆلار لەلایەن بانکى ناوەندیى عێراقەوە سنووردار بووە، ئەوەش بۆ رێگرى لە بەقاچاخبردنى بۆ دەرەوەى وڵات.
 
ئەو هاوپەیمانێتییە جەختى لەوەش کردووەتەوە، دەبێت لەگەڵ عێراق بە شێوەى ناوەندی لەگەڵ بڕیار و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە بکرێت.