رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانانی ژینگەیی پارێزگای میسان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە کە لەنێوچوونی ملیۆنان ماسی لە قەزای مەجەری پارێزگاکە دەردەخات. سەرۆکی روانگەی عێراقی سەوز دەڵێت، بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاو و بەرزبوونەوەی ئاستی خوێ لە رووبارێکی پارێزگای میسان، ماسییەکان لەنێوچوون.
رۆژی یەکشەممە 2-7-2023، عەلی ناجی، سەرۆکی روانگەی عێراقی سەوز، لەبارەی لەنێوچوونی ملیۆنان ماسی لە رووبارێکی پارێزگای میسان لە باشووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی دابەزینی ئاو و گرتنەوەی لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و کەمی ئاوی بارانەوە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت کە ملیۆنان ماسی بە بەرینیی سێ مەتر لە نێو ئاو و 15 کیلۆمەتر درێژی لە رووباری عزی پارێزگای میسان سەر ئاوکەوتوون و لەنێوچوون. ئەوە کارەساتێکی ژینگەیی مەترسیدارە".
عەلی ناجی رایگەیاند، " ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە وشکەساڵی، کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمی ئاوی رووبارەکان و بەرزبوونەوی بڕی خوێ لەنێویاندا، تەنیا مەترسی لەسەر پارێزگاکانی باشووری عێراق نییە، بەڵکو لەسەر کەرکووک و نەینەوا و چەندین پارێزگای دیکەش ئەو مەترسییە هەیە".
لە ڤیدیۆکەدا، دیمەنی سەرئاوکەوتنی ژمارەیەکی زۆری ماسی لە رووباری عز بەڕوونی دەردەکەوێت.
سەبارەت بەو ماسییانەش کە لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەون، سەرۆکی روانگەی عێراقی سەوز گوتی، "ئەو ماسییانەی لەنێوچوون، ماسی بچووکن، واتە لە قۆناخی داهاتوو بۆ زاوزوێ و زیادکردنی ماسی گرنگ بوون، بەڵام بەو شێوەیە لەنێوچوون".
بەهۆی کەم بەردانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکەساڵییەوە، ساڵانێکە عێراق لەبەردەم هەڕەشەی لەدەستدانی بەشێک لە سامانی ئاژەڵی و ژینگەییدایە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق یەكێکە لەو پێنج وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە؛ بەوەش وشکەساڵی زۆرتر دەبێت و گەردەلوولی بیابانیش خۆڵی زیاتر بەسەر میراتە نەتەوەییەکاندا دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ