رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەری فەرمانگەی دارستان و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، 15٪ـی خاکی وڵات بووەتە بیابان و نزیکەی 55٪ـی دیکەیش هەڕەشەی بەبیابوونی لەسەرە.
راویە مزعەل، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دارستان و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، کەرتی کشتوکاڵ بە هەردوو بەشی رووەکی و ئاژەڵی پشت بە ئاو دەبەستێت، بەڵام کەمبارانی و کەم بەردانەوەی ئاو لە وڵاتانی دراوسێوە، کشتوکاڵی لە عێراق کەمکردووەتەوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی دارستان و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، نزیکەی 27 ملیۆن دۆنم زەوی کە دەکاتە نزیکەی 15٪ـی خاکی عێراق، بووەتە بیابیان و نزیکەی 55٪ـی دیکەی رووبەری خاکی عێراقیش هەڕەشەی بەبیابوونی لەسەرە.
لە لایەکی دیکەوە حەسەن تەمیمی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمەڵەی جووتیارانی عێراق، رۆژی شەممە، 2-7-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەمئاوی کاریگەری روونی دروستکردووە و بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری خاکی عێراق ببێتە بیابان؛ ئێستا نزیکەی 13 ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی بە کەڵکی کشتوکاڵکردن نایەت، ئەمەش کاریگەری گەورەی کردووەتە سەر جووتیاران و داهاتی کەمکردوونەتەوە".
حەسەن تەمیمی گوتیشی: "ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنم 3.5 ملیۆن تۆن بووە، لەکاتێکدا ساڵی پێشتر پێنج ملیۆن تۆن بووە؛ ئەمساڵ تاوەکو ئێستا نزیکەی 1.9 ملیۆن تۆن کەمیکردووە، ئەوە لە کاتێکدایە ئەمساڵ بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە نرخی گەنم لە جیهاندا بەرزبووەتەوە، بۆیە ئەمساڵ زیانی زۆر گەورە بەتایبەتی بەر جووتیاران کەوتووە".
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا لە سەرەتای مانگی رابردوو رایگەیاند: "گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەی مان و نەمانە لە ئاییندەی عێراق، چونکە بەبیابانبوون کاریگەری لەسەر 39٪ـی خاکی عێراق داناوە و 54٪ـی خاکی عێراق مەترسیی لەدەستدانی توانای کشتوکاڵی لەسەرە".
بەرهەم ساڵح راشیگەیاند: "وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق پێشبینی دەکات لە ساڵی 2035 بەدواوە عێراق ساڵانە 10 ملیار و 800 ملیۆن مەترسێجا ئاو لەدەستبدات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ