یەکێتی سوننەکان: دەستبەرداری پۆستی پارێزگای دیالە نابین
رووداو- هەولێر
یەکێتی هێزەکانی عێراق کە گەورەترین فراکسیۆنی سوننەکانە لە نێو پەرلەمانی عێراق رایگەیاند دەستبەرداری پۆستی پارێزگای دیالە نابین و دەبێ پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێتەوە بۆ هەموارکردنی.
یەکێتی هێزەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا زۆرتر دەڵێ: "یەکێتی هێزەکانی عێراق داوای گەڕاندنەوەی پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی دەکات بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەموارکردنی و گونجاندنی لەگەڵ رێککەوتنی سیاسی کە بووە بنەمای پێکهێنانی حکومەتی ئێستای عێراق، بەشێوەیەک ببێتە هۆی رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی نیشتمانی راستەقینە کە یەکێتی عێراق و ئاسایش و سەقامگیری دەپارێزێ".
یەکێتی هێزەکانی عێراق هاوکات جەخت لەسەر لێهاتوویی و پیشەیی بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان و بەپێی شایستەی فراکسیۆنەکان دەکاتەوە.
یەکێتی هێزەکانی عێراق پێداگیری خۆی راگەیاند لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری دیالە و بە "شایستەی پێکهاتەی سوننەی" ناوبرد و ئاماژەش دەکات کە "سوننە 65% دانیشتوانی دیالە پێکدەهێنن".
ئەمە لەکاتێکدایە دوای لەکار دوورخستنەوەی پارێزگاری پێشووی دیالە لە پۆستەکەی کە سوننە بوو، هاوپەیمانی شیعەی دیالە ئەندامێکی خۆی بە پارێزگاری دیالە هەڵبژارد و داوای لە هاوپەیمانی سوننەی دیالە کرد پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی دیالە وەربگرێت.