رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی دووشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر خشتەی بودجە بدات. ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە پشکی هەرێمی کوردستان نەکراوە. پەرلەمانتارێکی دیكەش دەڵێت، بەهۆی ئەوەی 80 پەرلەمانتار چوونەتە حەج دەکرێت دانیشتنەکە دوابخرێت.
هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانن، کە تێیدا لیژنەی دارایی دوایین راپۆرتی خۆی لەبارەی خشتەی بودجەی گشتی بۆ پەرلەمانتاران دەخاتەڕوو، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوویان سەرجەم تێبینییەکانیان کۆکردووەتەوە و لەو راپۆرتەدا ئاشکرای دەکەن.
دوای حەوت کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لەسەر خشتەی بودجە، هیچ گواستنەوە و گۆڕانکارییەک لە خشتەکەدا نەکرا. چۆن لە حکومەتی عێراق نێردراوە وەک خۆی ماوەتەوە.
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی بە رووداوی گوت: "هیچ گواستنەوەیەک نەکراوە هیچ گۆڕانکاریەک لە ژمارەکان نەکراوە تەنها پێشنیاز هەیە ئێمەش بێگومان وەکو کورد ئەگەر بێت و هاتە سەر ئەوەی کەوا گۆڕانکاری بکرێت بەدڵنیاییەوە ئێمەش داخوازیی خۆمان هەیە بەتایبەتی ئێمە ژمارەیەکی زۆری توێژی جیاوازمان هەیە لە کوردستان کە مافی خۆیان هەیە لەناو یاسای بودجە جێگایان بکرێتەوە لەوانە موچەی خانەنشینان پێویستە بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9 ی ساڵی 2014 پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانمان هەیە لە 2015 راگیراوە وانەبێژانمان هەیە بکرێنە گرێبەست."
هەرچەندە لیژنەی دارایی پەرلەمان کارەکانی خۆی تەواو کردووە، بەڵام کەم ئامادەبوونی پەرلەمانتاران، گەشتی حەج و بایکۆتی ژمارەیەکی دیکە بەهۆی نەبینینی خشتەی بودجە، ئاسۆی کۆبوونەوەکەیان بە ناڕوونی هێشتووەتەوە.
محەممەد عەبدولئەمیر، ئەندامی لیژنەی یاسایی دەڵێت: "بەشێک لە پەرلەمانتاران سەفەریانکردووە بەشێکیان خشتەکەیان نەبینیوە، ئاڕاستە گشتییەکە پێموایە 50 بە 50 یە، لەوانەیە دانیشتنەکە بکرێت لەوانەشە نەکرێت، چونکە ئەمە یەکلایی نەبووەتەوە، هەرچەندە کات کەمە و بابەتەکە گرنگە و تێبینیی گرنگ هەیە، بودجەکە بۆ 3 ساڵە پێویست بوو ئەو ژمارانە لە مانگی 10ـی ساڵی رابردووەوە هاتبا بۆ ئەوەی سەرەتای ساڵ تەواوببا، بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی، بەڵام وا ئێمە لەناو مانگی شەش-ین".
پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ترلیۆن دینارە، مانگانە نزیکەی 965 ملیار دینار بۆ مووچەخۆران تەرخانکراوە و لە خەرجی راستەقینە جیاکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ