مەترسیی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە بە زۆرینەی پەرلەمانی هەیە و کورد ناڕازییە

02-06-2023
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی شەممە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە و ئامادەکاری بکات بۆ رادەستکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان. ئەمە لەکاتێکدا هێشتا رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی ماددەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا نەکراوە.
 
شیعەکان ئۆباڵی ئەو دواکەتنە دەخەنە ئەستۆی کورد، کوردیش دەڵێت، "با بگەڕێینەوە" بۆ هەمان ئەو دەقەی لە حکومەت نێردراوە، ئەگەرنا رازی نابن بە سەپاندنی ئەم گۆڕانکارییانە و بەمشێوەیەش ناچنە نێو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق.
 
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "چەندین کۆبوونەوە کراوە لەسەر بودجە بەتایبەتی لەسەر ئەو رێککەوتنەی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێم لەسەر ماددەکانی 13 و 14، پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکان بگەڕێنەوە سەر ئەو شێوازەی کە لە حکومەتەوە ھاتووە، چونکە ئەوەی لە حکومەتەوە ھاتووە، لەسەر ئەساسی رێککەوتنی نێوان ھەردوو حکومەت نووسراوەتەوە، ئەو رێککەوتنەش تاوەکو ئەوکاتەیە کە یاسای نەوت و گاز پەسەند دەکرێت."
 
گۆڕانکارییەکان لە ماددەکانی 13 و 14 کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان، یەكێکن لە گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم بودجەی گشتی، تاکە رێگەش بۆ چاککردنی ماددەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، رێککەوتنی سیاسییە، ئەگەرنا بەمشێوەیە ئیستا کە شیعەکان زۆرینەی نێو پەرلەمانیان بەدەستەوەیە، دەتوانن بەبێ کورد تێیپەڕێنن.
 
یاسر ھاشم حسێنی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھاوئاھەنگی دەڵێت، "زۆربەی کارەکانی لیژنەی دارایی تەواو بووە تەنیا لەسەر رێککەوتنی سیاسی ماوە و ئەوەش کێشەی بودجەیە و ھەموو بودجەیێک کێشەمان لە رێککەوتنی سیاسی هەیە، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، بودجە بەڕێدەکرێت لەسەر بنەمای زۆرینە و زۆرینە لە پەرلەمان هەیە."
 
بڕیارە ئەم هەفتەیە یەکلاکەرەوە بێت، ئەگەر رێککەوتنی سیاسی لە دەرەوەی پەرلەمانیش نەکرێت، رووداو زانیویەتی شیعەکان بەنیازن پڕۆژەیاسای بودجە بخەنە دەنگدانەوە و بە لایەنەکانی کورد و سووننەیان گوتووە، ئیدی ناتوانن لەوە زیاتر بەر بەو ناڕەزایەتییەی شەقام بگرن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە