دادگای فیدراڵیی عێراق: بڕیاری کۆتاییهێنان بە کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستوورییە

02-06-2021
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن ئەنجوومەنی پارێزگاکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند هەمواری دووەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و شارۆچکەکان؛ ژمارە 27ی ساڵی 2019 تایبەت بە کۆتاییهێنان بە کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستوورییە؛ چونکە ئەو ئەنجوومەنانە تەمەنی یاساییان تەواو بووە، بەڵام ئەوە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنەکان نییە.
 
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ 2/6/2021 دادگاکەمان بڕیاری خۆی لەبارەی سکاڵای ژمارە 155ی فیدراڵیی ساڵی 2019 دا؛ کە دەڵێ بوونی ئەنجوومەنی پارێزگاکان راستییەکی دەستوورییە و ناکرێ بازی بەسەردا بدرێت؛ بۆیە دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) ناتوانێ یاسایەک دەربکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجوومەنانە؛ چونکە بە پێچەوانەی برگەکانی دەستوور و پرەنسیپی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات دەبێت؛ بەڵام بەردەوامی کاری ئەنجوومە هەڵبژێردراوەکانی پارێزگاکان؛ چ ئەنجوومەنی نیشتمانی بن یان دەستەی خۆجێی دوای کۆتاییهاتنی خولی هەڵبژاردنی خۆیان پێشێلکردنی مافی گەلە لە دەنگدان و هەڵبژاردن و بەربژێرکردن؛ هاوکات بازدانە بەسەر ویستی دەنگدەر".
 
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئاماژەش دەکات: "دەبێ پابەندی ماوەی دیاریکراو بۆ کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان بین و نابێ بازی بەسەردا بدرێت؛ چونکە ئەوە مافێکی گەلە. هاوکات هەمواری دووەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و شارۆچکەکان؛ ژمارە 27ی ساڵی 2019 بە واتای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نییە؛ بەڵکو راگرتنی کارەکانی ئەو ئەنجوومەنانەیە بەهۆی ئەوەی لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا تێپەڕبوون؛ هەمواری یاساکە دەستوورییە؛ بۆیە دادگای فیدراڵی تانەی سەر ئەو هەموارەی رەتکردەوە".
 
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەشڵێ: "پارێزگار سەرۆکی باڵای جێبەجێکارە لە پارێزگا و دەبێ پابەند بکرێت بە پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە گشتییەی کە ئەنجوومەنی وەزیران دایدەڕێژێت و ئەو سیاسەتە لەژێر سەرپەرشتی ئەنجوومەنی وەزیراندایە".
 
پەرلەمانی عێراق لە 28ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019 دا بڕیاری کۆتاییهێنانی کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی دا، پارێزگارەکانیشی بۆ راپەڕاندنی پرسە دارایی و کارگێڕییەکان راسپارد، بەو مەرجەی پەرلەمان چاودێری کاری پارێزگارەکان بکات تاوەکو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگارەکان دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە