یاداشتەکانی سەدام؛ لە زیندان چ خەونێکی بینیوە و گومانی لە کێیە شوێنەکەی ئاشکرا کردبێت؟
رووداو دیجیتاڵ
رەغەد کچی سەدام حوسێن، 40 لاپەڕە دەستنووس بڵاودەکاتەوە، ئەو دەستنووسانە گوایە لەلایەن باوکییەوە لە زیندان نووسراون و یاداشتەکانی ئەون، تێیدا سەدام باسی نەخۆشییەکانی دەکات و دەڵێت، ئەمریکییەکان لێیانداوە. باسی ئەو کەسەش دەکات کە زانیاریی لەبارەی شوێنەکەی داوەتە ئەمریکییەکان.
رۆژی 28ـی نیسان، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەدام حوسێن، سەرۆکۆماری پێشووتری عێراق بوو، رەغەد کچی سەدام کە لە ئوردن دەژی، لەو رۆژەدا 40 لاپەڕە لە دەستنووسی لە ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاوکردەوە. لەو 40 لاپەڕەیە، کە بە جافی رەش نووسراون، 10 لاپەڕەیان شیعرن.
رەغد ئاماژەی بەوەداوە، ئەو تێکستانە لە مانگی ئایاری 2004 لەلایەن باوکی لە گرتووخانە نووسراون.
خەونەکانی سەدام لە زیندان
سەدام حوسێن نووسینەوەی یاداشتەکانی بەو خەونانە دەستپێدەکات کە گوایە لە گرتووخانە بینیونی، ئەو باسی دوو خەون دەکات، لەسەر پەڕی یەکەمی یاداشتەکان، کە رێکەوتی 15ی ئایاری ساڵی 2004ی لەسەرە، نووسیویەتی: "ئەمڕۆ نزیک نوێژی بەیانی، لە خەومدا کۆبوونەوەم لەگەڵ ژمارەیەک عێراقی هەبوو، پێش دیدارەکەم لەگەڵیاندا هەستمکرد لەنێو پانتۆڵەکەم پارچەیەک قوماش هەیە، دەرکەوت بیجامەیەکە لەنێو پانتۆڵەکەم پێچراوە و لە دەلینگی یەکێک لە قاچەکانەوە کەوتە خوارەوە و دەرمهێنا یان یەکێک لە پاسەوانەکان دەریهێنا کە بیجامەیەک بوو فانیلەیەکی تێدایە، یەکێکیان گوتی چۆن بەرگەی ئەوەت گرت ئەو هەمووە لە پانتۆڵەکەتدا بێت و بێزار نەبووی. دوای ئەوە بۆ نوێژکردن هەڵسام."
دواتر دوو پزیشکی ئەمریکی بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیی دەچنە ژوورەکەی، سەدام بەمشێوەیە باسی دەکات، "بەیانی دوو پزیشکەکە ئەلیس و گۆڵدیرز هاتن و دوای پشکنین ئەلیس بە سەرسووڕمانەوە گوتی چۆن بە هێمنی مامەڵە بکەم و هیچ نیگەران نیت، لەکاتێکدا نەخۆش هەیە لە سادەترین نیشانەکانی نەخۆشی دەبینی نیگەرانە وەکو ئەوەی بەرەو رێگەی مەرگ دەڕۆن... پێکەنیم و هیچ قسەیەکم نەکرد."
سەدام خەونێکی دیکەش دەگێڕێتەوە، کە بە گوتەی خۆی بە کچە رۆژنامەڤانێکی عێراقییەوە بینیویەتی: "ئەو لە ناسراوەکان نەبوو، لە نێوەندە کولتووری و میدیاییەکانەوە هێرشی دەکرایە سەر و بە دووژمن ناویان دەبرد، بەڵام بانگم کرد بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵدا بکەم و دەرکەوت دووژمن نییە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵیمەوە وتوێژەکەم بڕی و پێمگوت پێنجشەممەی داهاتوو تەواوی دەکەین، ئەمەم گوت و رۆژنامەنووسەکە بە ئومێدی دیدارەکەی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو رۆیشت."
سەدام سەرسوڕمانی خۆی لەو هەموو خەونەی دەیبنێت نیشاندەدات و بۆ خۆشی پرسیاری دەکات دەڵێت: "ئەم هەموو خەوە واتای چییە، لەنێویاندا وادەکەی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، تەنیا ئەگەری ئەوە نەبێت کە دەچمە نەخۆشخانە و رەنگە نەشتەرگەرییەکم بۆ بکرێت و شتێکی زیانبەخش یان خراپ لە جەستەم دەربکرێت و هەواڵەکە بڵاوببێتەوە، ئەی مەگەر ئاوا خەون لێکنادرێتەوە... یان هەر بە ئارەزووی خۆم خەوەکانم لێکدەدەمەوە، خوای گەورە تەنیا خۆی دەزانێت چی لە غەیبدا هەیە.. ئایا لێکدانەوەی خەو لەلایەن یوسفی پەیامبەرەوە بۆ ئەوە بووە کە پەیامبەرە و کراوەتە بەڵگەیەک بۆی."
جۆرج لەگەڵیدا باش بووە
سەدام لە یاداشتەکانی باسی "جۆرج" ناوێک دەکات، کە لێکۆڵەر و وەرگێڕێک بووە لە سوپای ئەمریکا و قسەی ئەمریکییەکانی بۆ سەدام وەرگێڕاوە و بە پێچەوانەشەوە، بە گوتەی خۆی زۆر لێی دڵنیا بووە.
ئەو دەڵێت جۆرج پێیگوتووە هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی هەموو شت باش بێت، ئەو لەگەڵیدا دەبێت و لە پاڵیدا دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا سەدام دەڵێت: "ئەوە بەشێکە لە ئەرکەکەی، چونکە ئەگەر خوا نەخواستە لە گرتووخانە شتێکم لێ بەسەر بێت، لەبەردەم جیهان و مێژوو ئەوە نیشاندەدات کە ئەوان بەرپرسن لەوە، جگە لە هەڵوێستی عێراقییەکان و ئومەتەکەمان لێیان و لە داهاتووشدا، تەنانەت ئەگەر قسەکانی جۆرج لە چوارچێوەی ئەم دیمەنەشدا بێت، ئەوا قسەیەکی باشە و دەبێت ئاماژەی پێبدەم."
سەدام: ئەمریکییەکان لێیاندام
سەدام حوسێن باسی رۆژێکی دیکەی ژیانی دەکات لە 16ـی ئایاری 2004 تۆماری کردووە و دەڵێت، ئەو رۆژە پشکنینی پێشوەختە و بەردەوامی بۆ کراوە وەکو ئامادەکارییەک بۆ بردنی بۆ ئەوەی رۆژی 17ـی ئایار ببرێتە نەخۆشخانە، دەشڵێت پێیگوتوون کە پێویستی بە کاتی زیاترە پێش بردنی بۆ نەخۆشخانە تاوەکو جلەکانی و خۆی بشوات.
بە هێلیکۆپتەر دەبرێتە نەخۆشخانە، سەدام باسی لێوردبوونەوە لە قسەی پزیشکەکانی دەکات ئەگەری هەیە بەرد لە زراویدا هەبێت و کێشەی جگەری هەیە.
سەدام دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی کەسێک لە تەمەنی ئەودا ئەگەری تووشبوونی بەو نەخۆشییانە هەیە، بەڵام بەپێی جوڵەکانی و ئاودانی باخچەکەی کە رۆژانە 50 بۆ 60 سەتڵە ئاوی دەدات، ئەگەری تووشبوونی نییە، چونکە تەندروستیی باشە، لەگەڵ ئەوەشدا گومانی هەیە بەرد لە زراویدا هەبێت.
باس لە هۆکارێکی ئەو ئازارەی جەستەی دەکات و دەڵێت: "ئەمریکییەکان لە هەموو گیانیان دام، لەوانە لە پشت و لای جگەر و گورچیلەکانی، رەنگە ئەوە کاریگەریی لەسەر تەندروستیم هەبێت،" لێرەدا دێڕێک هێڵێکی بەسەردا هاتووە و لە یاداشتەکان سڕاوەتەوە.
سەدام نووسیوویەتی، پێشتر و پێش رووخانی رژێمەکەی، پزیشکەکان چەندین جار بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی راوێژیان پێیداوە، بەڵام زۆر گوێی بۆ نەگرتوون و لەو رۆژەی دەبوو پشکنین بکات "لەبیرم دەچوو."
وەکو خراپ ناوهێنانێکی ئەمریکییەکان و پەسنی عەرەب و تێکەڵکردنی بە بابەتی سیاسیی، سەدام دەڵێت: "پۆرتریکییەکان لەوان پاک و خاوێنتر بوون و گوێیان پێدەدا، رەنگە لەبەر ئەوە بێت دوورگەکەیان گەشتیارییە، یان بە رەچەڵەک عەرەبن، یان رەنگە لەبەر ئەوە بێت باپیرەکانیان کە لە ئەندەلوس بوون بۆیان گواستووەتەوە و نەوە دوای نەوە لێیەوە فێربوون."
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە دوای دانانی کانوولە لەسەر دەستی، پزیشکەکان لە پشت دەرگا جێیانهێشتووە و دوای کاژێرێک و نیو گەڕاونەتەوە، لەکاتێکدا سەدام ئەوەی پێ خراپ بووە و دەڵێت: "دەبێت پزیشک یان پەرستار تاوەکو کۆتایی ئاگای لە نەخۆشەکە بێت."
لە لاپەڕە هەشتی یاداشتەکان چەند دێڕێک کە سەدام نووسیوونی هێڵی بەسەردا هاتووە، دیارنییە خۆی ئەوەی کردووە یان کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەشێکی دیکە باسی پەراوێزخستن و گوێ پێنەدانیشی لەلایەن بەشێک لە پاسەوانەکانەوە دەکات ئەو کاتەی کانوولەی لە دەستدا بووە: "ئەمە چی بزرکردنێکی بەهاکانە کۆمەڵگە تێیدا دەژیت."
جیابوونەوە لە خۆشەویستەکەی
سەدام حوسێن، لە تۆمارکردنی یاداشتەکانی لە 17ی ئایاری 2004 باسی ئیسرا و میعراج دەکات، دواتر شیعرێک دەنووسێت لە زۆرینەیدا باسی ئازادی و ئازارەکانی ژیان دەکات.
دواتر دەچێتە باسی خۆشەویستی و دەنووسێت: "کەستان تاقیکردووەتەوە راستەوخۆ تەماشای چاوەکانی خۆشەویستەکەی لەدوای دابڕانێکی زۆر بکات؟ ئەی ئەوەی تاقیکردووەتەوە گوێ لە لێدانەکانی دڵی بگرێت و گوێ لە دڵ و دەروونی بگرێت؟" دواتر باسی چیا و بیابان و خۆشەویستەکەی (دیار نییە مەبەستی کێیە)، عێراقییەکان و عێراق دەکات و باسی ستەملێکراوی و ستەمکاری دەکات، دەڵێت: "لەو کاتەی لە نیسانی 2003ەوە بەجێمهێشتووە، خۆشەویستەکەمم نەبینیوە."
دواتر دەچێتەوە سەر باسی تەندروستی، دەڵێت، پزیشکەکان پێیانگوتووە پێویستی بە وردبینیی زیاترە و هەڵبژاردنیان خستووتە بەردەستی دەیەوێت لە گرتووخانە بۆی بکەن یان بیبەن بۆ لای ئامێرەکان، سەدام دەڵێت: "وام بەباشزانی خۆم بچم."
ژمارەیەک کەس و پاسەوان کە هیچیان ئەوانە نین کە لە گرتووخانە دەیپارێزن دەچنە لای و هەموویان گوللـەبەندیان بەستووە، توورەکە دەخرێتە سەر سەری و دەیبەن، ئەوەش ئاشکرا دەکات لە نزیکەی مانگێکدا 10 کیلۆی لە کێشی دابەزاندووە، ئەوانەشی بردوویانە بە باشیان زانیوە گوللـەبەند ببەستێت کە سەدام بە قورسی زانیوە و دواجار لەسەر دشداشەکەیەوە بۆی دەبەستن.
سەدام لەنێو فڕۆکە دەترسێت
سەدام حوسێن لە یاداشتەکانی باسی بردنی بۆ نەخۆشخانە دەکات و دەڵێت دوای ئەوەی سواری ئۆتۆمبێلیان کردم، بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە گوللـەنەبڕبووە و زۆر قورس بووە، زۆر بە هێواشی لە ترسی ئەوەی شتێکی لێ نەیەت دەڕۆیشت، دەشڵێت: "لەهەر بەرزونزمییەک و تاسەکانی شەقامەکان کە تانکەکان و قورسیی زرێپۆشەکان تێکیانداون ئازارەکانی پشت و پەراسووەکانم زیادیان دەکرد، قسەشم نەدەکرد تاوەکو پرسیارم لێنەکرابا."
لە گێڕانەوەکانیدا دەڵێت پرسیاری لە پشتی کردووە ئایا پیر بووە یان ورەی ئەو وایلێکردووە نەتوانێت بەرگە بگرێت، سەدام دەڵێت: "بە پشتمم گوت ئایا پشتێکی دیکە بهێنم؟"
کەشی نێو فڕۆکەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، کارپێکردن و ئامادەکردنی زۆری پێچوو زیاتر لەو فڕۆکانەی پێشتر پێیچووە، ئەوەش سەدامی نیگەرانکردووە.
دواتر کە دەگاتە نەخۆشانە، پشکنینی بۆ دەکرێت و چارەسەری پێدەدرێت، بۆ چواری بەیانی دەگەیێندرێتەوە گرتووخانەکەی. وەکو دەڵێت، گەڕانەوە ئاسانتر و کەمتری پێچووە، سەدام بە گلەییەوە دەڵێت بەغدای بینی "ئایا نەدەکرا لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا چارەسەر وەربگرم و دەنگێکی عێراقییانە پێمبڵێ تکایە هەناسەت رابگرە. تکایە.. واتای زۆر بوو پزیشکی سوپای داگیرکەر بێن و بمپشکنن و پزیشکانی عێراقی نەتوانن بەشداری لە پشکنین بکەن و دڵنیا نەبنەوە لە سەرۆک و سەرکردە و برا و رۆڵەکەیان سەدام حوسێن.."
سەدام پرۆستات و فتقی هەبوو
رۆژی 18ـی ئایاری 2004 سەدام بەشێکی دیکەی لە یاداشتەکانی نووسیوەتەوە و باسی بۆنی بەیانی و کشتوکاڵ و وادەی درۆێنە دەکات، وەکو لە یاداشتەکاندا هاتووە، پێدەجێت دەوروبەری گرتووخانەکە بەرهەمی کشتوکاڵی لێ چێندرابێت و لەنێویاندا گەنم و جۆ، دواتر دەڕواتەوە خەیاڵی منداڵی و باسی ژیانی لە گوند دەکات کە چۆن لەو کاتانەدا دروێنە دەستیپێکردووە و چۆن خواردنیان دەخوارد و وردەکاریی دیکە.
لەو کاتانەدا خەڵک گەنمیان دروێنە دەکرد، هەرچەندە باسەکە لە بۆنەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام بەبێ پاساو دەچێتە باسی بۆنی ئافرەت و دەڵێت: "نابێت ئافرەت لە بازاڕ یان شەقام بۆنی خۆی خۆش بکات، چونکە بۆن بەشێکە لە جوانکاری، بۆیە دەبێت بۆ پیاوی خۆیان بێت، زانایان بۆنیان لە شوێنێکیدا قەدەخە کردووە کە ئافرەت پیاوی نەناسی تێدا ببینێت، یان بە باش نەزانراوە."
سەدام جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە سەر باسی جۆرج، کە لێكۆڵەرێکی ئەمریکیی بە رەچەڵەک لوبنانی بووە، لەگەڵ پزیشکەکەی "گۆڵدیرز" چوونەتەوە لای بۆ ئەوەی ئەنجامی پشکنینەکەی پێبڵێن، پزیشکەکە پێیدەڵێت ئەنجامی پشکنینەکان دەریانخستووە تەندروستیی تۆ وەکو پیاوێک لەو تەمەنە زۆر باشە، ئەو هەوکردنەی لە پرۆستاتەکەی بینراوە رەنگە لە مانگێکدا نەمێنێت.
هەروەها دەڵێت: "پێیگوتم ئەگەر نەشتەرگەریش نەکەیت، ئەوا پێنج بۆ پانزە ساڵ ئاساییە، ئەگەر نەڕوات ئەوا رەنگە شێرپەنجە بێت."
سەدام حوسێن نەخۆشیی دیکەشی هەبووە، وەکو پزیشکەکان پێیانگوتووە، لەوبارەیەوە دەڵێت دوو فتقی لە خوار سکییەوە هەبووە، یەکێکیان بچووک و ئەوی دیکە گەورەتر، پزیشکەکان پشکنینیان بۆ گەورەکە کردووە.
پزیشکەکەی پێیگوتووە ئەگەر پێویست بکات نەشتەرگەریی بۆ فتقەکە دەکەن و یەک بەدوای یەک، پرسیاریشی لێکردوون ئایا بە پێویستی دەزانێت نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت، ئەوانیش گوتوویانە پێویست نییە، بەڵام ئەگەر گەورە بن کێشەی بۆ دروست دەکات و لەسەر بنچینەی کات پزیشک بڕیار دەدات.
کێ شوێنەکەی سەدامی ئاشکرا کرد؟
سەدام حوسێن، کە لەساڵی 2003 لەلایەن ئەمریکییەکانەوە کۆتایی بە رژێمەکەی هێندرا، دوای هەڵاتنی، لە حەشارگەیەک دەستگیرکرا. باسی ئەو کەسە دەکات، کە گومان دەکرێت شوێنەکەی ئاشکرا کردبێت.
سەدام دەڵێت: "لە ساڵانی دوایی پێش دەستگیرکردنم بە رێکی قاوەم دەخواردەوە، تەنانەت دوای ئەوەی لە ماڵی ستەم و ناپاکیی قەیس نامیق (ئەو کەسەی گومان دەکرێت شوێنی سەدامی بۆ ئەمریکییەکان ئاشکراکردبێت.) کەمتر دەمخواردەوە، بەڵام قەد رێکنەکەوتووە قاوەم خواردبێتەوە و دوای ئەوە وەرزشم نەکردبێت، بۆیە ئارەزووم چووە رێکردن، بەتایبەت لەبەر گەرمیی خۆرەکە."
هەر لەبارەی قاوەخواردنەوە، سەدام دەڵێت، "راهاتبووم قاوە لە دانیشتنی خۆشەویستان و هاوڕێیان لەگەڵ جگەرەکێشان بخۆمەوە."
سەدام حوسێن لە نووسینەکانیدا زوو زوو بابەتەکان تێکەڵ یان دەپچڕێنێت و دەچێتە سەر بابەتی دیکە. دێتەوە سەر باسی نەخۆشییەکەی و دەڵێت: "هەرچەند سەربازەکان ئەرکی ئاودانی باخچەکەمیان لە ئەستۆ گرت دوای ئەوەی زانییان فتقم هەیە، هەروەها نابێت قورسایی هەڵبگرم لەوانە ئاو لەناو شتێکدا، بەڵام دواتر سۆندەیان بۆ هێنام بۆ ئەوەی ئاوی باخچەکە بدەم، ئیدی ئەو کارە لە ئەستۆی من نەما و تەنیا سەرپەرشتیکردن و رێنماییدان ئەرکم بوو بەو پێیەی کە دەمەوێت، چونکە باخچەی منە و خاکی عێراقە."
سەدام جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو فتقەی تووشی بووە بەهۆی راکێشانی و لێدانی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بووە و دەڵێت: "لە یەکەم رۆژی دەستگیرکردنەمەوە لێیانداوم."
خەون بینین بە ساجیدە و هاوژینی شا فەهد
سەدام حوسێن دیسان دێتەوە سەر گێڕانەوەی ئەو خەونانەی لە زیندان بینیونی، لەوانە ئەو خەونەی بە ساجیدەی هاوژینی بینیویەتی، کە بە (دایکی عودەی) ناوی هێناوە. سەدام دەڵێت: "خەونم بە دایکی عودەی و هی دیکەشەوە بینی، کەسیانم لەبیر نییە، دوو باڵەخانەی بەرامبەر بە یەکدیم بینی، لە نهۆمی یەکەمیان شانۆ و شوێنێکی پڕ کورسییم بینی کە لەسەرەوە بۆ خوارەوە ریزکرابوون، لەسەرەوە شوێنێکی نیمچە بازنەیی هەبوو لەسەر هەر شانۆیەک لەو دوو شانۆیەکە دەکرایەوە لە قەوسی نەسر."
سەدام دەڵێت، ئەوان و ئەوانەی لەگەڵیاندا بوون لە شانۆکەی خۆیان و خێزانە سعودییەکەش لە شانۆی خۆیان بوون، سەدام و ساجیدە خەیروڵڵا تڵفاحی هاوژینی لە کورسییەکانی پێشەوە بوون، بەڵام وەکو باسی دەکات بە پێوە وەستابوون، خێزانە سعودییەکە هاتن و سڵاویان لێکردن. سەدام وا باسی دەکات یەکێک لەوان هاوژینی شا فەهدی شای پێشووی سعودیە بووە سەدام دەڵێت: "پێمگوت ئیدی خۆی و دایکی عودەی خۆتان بە کشتوکاڵەوە سەرقاڵ بن و هەردووکیان بە قسەکەم رازی بوون" دواتر بەئاگا هاتووە.
دیارییەکانی رۆژی لەدایکبوون
سەدام حوسێن، لە گێڕانەوەکانیدا باس لەوە دەکات رۆژێک جۆرج و کەسێک کە شێوەی یابانی یان کۆرییەکانی هەبوو چوونەتە ژوورەوە بۆلای و جانتایەکیان پێبووە، پێیانگوتووە بچێتە ژوورەکەی تەنیشتی بۆ ئەوەی ئەو دیارییانەی پێبدەن، کە لە خێزانەکەیەوە بۆی نێردراوە.
سەدام دەڵێت: "هەندێک شتیان پێدام لەوانە بیجامە و رۆبێک، لەگەڵ کارتێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی لەدایکبوونەوە کە لەلایەن رەنای کچمەوە نێردرابوو، زۆر دڵخۆش بووم.. چاوەکانم پڕ بوون لە فرمێسک."
لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت ئەو شتانەی بۆیان ناردبوو، پێویستی پێنەبووە، دەیتوانی پارەکە بۆ خۆی و منداڵەکانی خەرج بکات، چونکە ئەوان دوورن لە عێراق و نازانێت بارودۆخیان لە ئوردن چۆنە.
سەدام شیعر دەنووسێت
سەدام حوسێن، زۆربەی یاداشتەکانی رۆژانەی بە قەڵەم جافی رەنگ رەشی نووسیوە، بەڵام لە چەند شوێنێکیش رەنگی شینی بەکارهێناوە.
لە یاداشتەکانی 19ـی ئایاری 2004 سەدام دەنووسێت: "رۆژێکی ئاساییە، هیچ شتێکی گرنگ نییە بۆ ئەوەی بنووسرێت،" هەرچەندە لە خوارەوەی لاپەڕەکە چەند دێڕێک شیعری نووسیوە و نیشانەی هەڵەی بە قەڵەمێکی رەنگ جیاوازدا داناوە.
لە لاپەڕەیکی دیکە کە کردوویەتییە دوو بەشەوە و تەواوکاری شیعرەکەی لاپەڕەی پێشووە، شیعرێکی موتەنەبیی نووسیوەتەوە و شییکردووەتەوە کە تایبەتە بە پێداهەڵدان بە "سەیفی دەولەی حەمدانی."
لاپەڕەیەکی دیکەشی هەر بۆ نووسینی شیعر تەرخانکردووە، دواتر بە هەمان قەڵەم نیشانەیەکی پێچەوانەی بەسەردا داوە، ئەمە لە چەند شوێنێکی دیکەش دووبارە دەبێتەوە. لاپەڕە 30ـی یاداشتەکانی، کە پارچە شیعرێتە بە رەنگی شین نووسیوە، لە ناوەڕۆکەکەی باسی شەڕ و دوژمنان دەکات.
"مقاوەمە نایانەوێت زیانم پێ بگات"
سەدام حوسێن کە پێش رووخانی رژێمەکەی پلەی سەربازیی "موهیب روکن"ی بۆ خۆی داتاشیبوو، کە تاکە پلەی سەربازیی لەو شێوەیە بوو لە جیهان، لەنێو گرتووخانە لە بیرکردنەوەی سەربازییانەی ناکەوێت.
رۆژی 20ـی ئایاری 2004ـە، دەڵێت ئەو رۆژە هەستی بەوە کردووە فڕۆکەیەکی گەورە لە ئاسماندا دەسووڕێتەوە کە بە کەمی نەبێت ناسووڕێتەوە، پێچەوانەی رۆژانی دیکە کە فڕۆکەی جۆری دیکە دەسووڕێنەوە، لێرەوە دەڵێت هەست بە رووداوێک دەکات.
هەرچەندە باسی ئەوە دەکات بەهۆی هەڵکردنی فێنککەرەوە گوێی لە دەنگی تەقینەوە و بۆردوومان نەبوو، بەڵام ئەو رۆژە گوێی لێدەبێت، پاش ماوەیەک دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و بارهەڵگرەکان کاردەکەنەوە وەکو ئەو دەیڵێت.
سەدام دەڵێت: "رۆژێک بیرم لەوەکردەوە بۆچی مقاوەمە تۆپباران ناکات وەکو ئەو دەنگانەی لە ئادار و ئایار گوێم لێبوو، بەڵام گەیشتمە ئەوەی کە رەنگە بزانن من لێرەم و نایانەوێت زیانم پێبگات، بۆیە بڕیاریان دا هێرش نەکەنە سەر ئەو سەربازگەیە، یان نزیکی."