کۆمیسیۆن: تائێستا فۆرمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چاپ نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج نموونەی کاخەزی دەنگدان بۆ هەڵبژردنی پەرلەمانی کوردستان پەسندکراوە، بەڵام چاپ نەکراون. بەپێی ئەو گوتەبێژە، هیچ مەرسوومێکی هەرێمییان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن پێنەگەیشتووە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند: "کۆمیسیۆن لە چوار بازنەی هەڵبژاردن تاقیکردنەوەی بۆ سندووقەکان کرد و ئەنجامەکانی زۆر باش بوون، کارەکان لەمبارەیەوە بەردەوامن و تاقیکردنەوەی دیکەش دەکرێت کە یەکێکیان رەنگە کۆتایی ئەم مانگە بێت."
هەرچەندە بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە کە رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ بەڕێوەچوونی دیاریکراوە، بەڵام گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت: "هیچ شتێکی فەرمی نییە، چ لەلایەن سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن دادوەر عەباس فەتلاوی یان سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دادوەر عومەر ئەحمەدەوە بێت یان ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هیچ رێنماییەک بۆ راگرتنی کارەکان دەرنەچووە، بەڵکو کۆمیسیۆن بۆ راییکردنی کارەکانی لەپێناو کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە."
جومانە غەلای دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری لە 173 بنکەی تۆمارکردن لە هەرێمی کوردستان بە نموونە دەهێنێتەوە لەسەر بەردەوامیی کارەکانیان، داوا دەکات هاووڵاتییان سەردانی نزیکترین بنکەی تۆمارکردن بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان لەپێناو بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
رۆژی یەکشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کۆبوونەوە، گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت: "کۆبوونەوەکە لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بوو بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەردەوام پشتیوانی کارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بووە."
سەبارەت بە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن، جومانە غەلای گوتی: "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لایەنێکی هونەرییە، لایەنێکی سیاسیی نییە و ناچێتە ئەو مشتومڕ و کێشمەکێشمی سیاسییەوە، لایەنێکی هونەرییە و جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای لە ئەستۆدایە، لەگەڵ ئەو مەرسوومە هەرێمییەی لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە دەردەکرێت، ئامانج لەو کارە ئەوەیە هەڵبژاردن بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان شەفاف و بێگەرد و دادپەروەریی تێدا بێت."
ئەو گوتەبێژە بەشداریکردنی هەموو پێکهاتە و لایەنەکانیش بە پێویست دەزانێت و دەڵێت: "کۆمیسیۆن کار بۆ ئەوە دەکات و کار بۆ بەشداریکردنی هەموو پێکهاتە و لایەنەکان و هەموو ئەوانەی هاوبەشی پڕۆسەی هەڵبژاردنن، لەگەڵ چاودێران و دەنگدەران و بریکارانی لایەنە سیاسییەکان، دەبێت هەمووان بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن."
هەرچەندە کەمتر لە 40 رۆژی بۆ ئەو وادەیە ماوە کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام کۆمیسیۆن کاغەزی دەنگدانی چاپنەکردووە، گوتەبێژی کۆمیسیۆن لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێنج نموونەی کاخەزی دەنگدانی پەسندکرد، چواریان بۆ دەنگدانی گشتین لە هەر بازنەیەک لە بازنەکانی هەڵبژاردن و نموونەیەکیش بۆ دەنگدانی تایبەت، کۆبوونەوەشمان لەگەڵ کۆمپانیاکە کرد بۆ زانینی بڕگەکانی گرێبەستکردن و ئەو پابەندییانە بەمەبەستی چاپکردنی کاخەزی دەنگدان لە داهاتوودا."
جومانە غەلای کارکردنی کۆمیسیۆن لەسەر رێکار و ئامادەکارییەکانیش دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت: "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هیچ کارێک بەبێ گەیشتنی نووسراوی فەرمی یان مەرسوومی هەرێمی ناکات، بۆیە ئەوانە نەهاتوون، چونکە کۆمیسیۆن مامەڵە لەگەڵ نووسراوە فەرمییەکاندا دەکات."
بە گوتەی گوتەبێژەکە "کۆمیسیۆن تاوەکو ئێستا پابەندە بەو مەرسوومە هەرێمییەی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە."