پارتێکی سوننە دژی پێشنیازی جەژنێکی شیعەکان دەوەستێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یەکەم حیزبی عێراقی دژایەتیی خۆی بۆ هەوڵی شیعەکان بۆ تەرخانکردنی رۆژێک بەناوی جەژنی غەدیر راگەیاند، دەڵێت 'ئەو رۆژە تایبەتمەندیی لەلای پێکهاتەیەک هەیە و خزمەت بە بەرژەوەندیی باڵا ناکات.'
حیزبی ئیسلامیی عێراقی، کە یەکێکە لە پارتە سیاسییە دیارەکانی سوننەکان، لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو هەوڵانەی دایەوە، کە لەلایەن بەشێک لە شیعەکانەوە دەدرێت بۆ دیاریکردنی رۆژێک بەناوی 'جەژنی غەدیر' و کردنی بە پشووی فەرمی.
ئەو پارتە دەڵێت "لە دوو دەیەی رابردوودا عێراق بە دۆخی زەحمەت و رێگری و ئاڵنگاریی گەورەدا تێپەڕی، کە بوونە هۆی لاوازکردنی ناسنامەی نیشتمانی و گۆڕەپانەکەی بۆ ئاڕاستەی لاوەکیی هەڵوەشاندەوە، ئەوە کاریگەریی نەرێنیی گەورەی هەبوو، بەتایبەت لەلایەن هەندێکەوە بۆ لاوازکردنی نیشتمان و رێگریکردن لە گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی کاریگەریی قۆسترایەوە."
پارتەکە پێیوایە؛ پێشنیازی دیاریکردنی جەژنی غەدیر وەکو پشووی فەرمی "لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەمڕۆی عێراق ناگونجێت."
جەژنی غەدیر، بە یەکێک لە گەورەترین جەژنەکان لەلای شیعەکان هەژمار دەکرێت، دەڵێن لە رۆژی 18ـی مانگی زیلحیجەی ساڵی 10ـی کۆچی محەممەد پەیامبەری ئیسلام (د.خ.) بە فەرمانی خوا عەلیی کوڕی ئەبو تالیبی بە جێنشینی خۆی و ئیمامی موسڵمانان دانا، ئەو گوتارەشی لە شوێنێک بڵاوکردەوە بەناوی غەدیر، کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی مەککە و مەدینە، بەڵام سوننە مەزهەبەکان لەگەڵ ئەو تێڕوانین و شیکردنەوەیەدا نین.