ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 150 ملیار دینار بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەرخان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دوورخستنەوەی ئەو  بەڕێوەبەرە گشتییانەی پەسندکرد کە لە هەڵسەنگاندن دەرنەچوون و 150 ملیار دیناریش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان خەرج دەکات.
 
رۆژی سێشەممە، 02-05-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، لە کۆبوونەوەکەدا؛ ئەنجوومەنی وەزیران راسپاردەکانی کۆنووسی کۆبوونەوەی چوارەمی لیژنەی فەرمانی دیوانی (23059) پەسندکرد تایبەت بە هەڵسەنگاندنی ئەوانەی لە بنەڕەتدا بە بەڕێوەبەری گشتی دامەزراون و بڕیاردرا بە گواستنەوەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانە و دانانیان لە شوێنی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانەی کە هەڵسەنگاندنیان ئەرێنی نەبووە کە پلەکانیان دادەبەزێندرێت بۆ پلەی پێش بوونیان بە بەڕێوەبەری گشتی.  
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا لە میلاکی نێو وەزارەتەکان جێگرەوە بۆ ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانە دابنرێت کە لە هەڵسەنگاندن شکستیان هێناوە کە وەک خۆی باسی کرد، چەندان کەسی بەئەزموون و لێهاتوو و شایستە بۆ بەڕێوبردن و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی هەن.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی وزەی ساڵی 2023ـی پەسندکرد کە تێیدا هاتووە، "گرێبەستی واژۆکراوی نێوان وەزارەتی کارەبا/ کۆمپانیای گشتیی گواستنەوە و وزەی کارەبای ناوچەی باکوو و کۆمپانیای کار بۆ ساڵێک درێژ بکرێتەوە لە رێکەوتی کۆتاییهاتنی، بە مەبەستی پێدانی (150-385) مێگاوات کارەبا".
 
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانیش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا کە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 150 ملیار دینار بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەرخان بکات.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە، 01-05-2023ـی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و زۆربەی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئامادە بوون؛  پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت.
 
یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 27-03-2023 لە پەرلەمانی عێراق هەموار کرایەوە و بڕیاردرا رۆژی 06-11-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت.