رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، بڕگەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای رزگاربووانی کچ و ژنانی کوردی ئێزدی دواخرا.
شەریف سلێمان، پەرلەمانتاری کوردی ئێزی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە، 02-05-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر داوای پەرلەمانتارانی کوردی ئێزدی و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕگەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای رزگاربووانی کچ و ژنانی کوردی ئێزدی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دواخرا."
شەریف سلێمان گوتی، "ئێمە لەگەڵ مافی هەموو پێکهاتەکانین و پشتیوانیان دەکەین، ئەوانیش دەتوانن پڕۆژەیاسای تایبەت بە خۆیان بهێنن و دەنگی پێدەدەین، بەڵام لە دژی هەموارکردنی یاسای رزگاربووانی ژنان و کچانی کوردی ئێزدین، چونکە ئەو یاسایە تایبەتمەندیی داوە بە کوردی ئێزدی لە بەرامبەر ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی لێیان کراوە."
هەموارکردنی یاساکە، بە نووسراوی فەرمیی موهەند حیسامەدین، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رۆژی 08-07-2021 رەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە، دواتر ئاراستەی لیژنەکانی شەهیدان، ژنان و مافی مرۆڤی پەرلەمان کراوە.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق رۆژی، 12-03-2023، نووسراوی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، لیژنەی مافی مرۆڤ دوای لێکۆڵینەوە لە هەموارکردنەکە، لاریی لەسەر هەموارکردنەوە نییە بۆئەوەی رێکاری یاسایی خۆی وەربگرێت.
وەکو لە هەموارکردنەکەدا هاتووە، بەندی یەکەمی مادەی یەکەم لە یاسای رزگاربووانی ژنانی ئێزدیی ژمارە 8ـی ساڵی 2021 هەڵبوەشێتەوە و ئەم دەقە شوێنی بگرێتەوە:
مادەی یەکەم / یەکەم: رزگاربوو، هەر ژن و کچێک کە لە کاتی رفاندن رووبەڕووی تاوانی سکێسی بووەتەوە، لە رووی سێکسییەوە بە کۆیلە کراوە و لە بازاڕی نەخاسە فرۆشراوە، لە کەسوکاری جیاکراوەتەوە، بە زۆرەملێ ئایینی پێ گۆڕدراوە، بە زۆرەملێ هاوسەرگیریی کردووە، دووگیان بووە و منداڵەکەی لەبار بردووە، یان زیانی جەستەیی و دەروونیی پێگەیشتووە لەلایەن رێکخراوی داعش لە رێکەوتی 10-06-2014 و دواتر رزگار کراون.
ئەمە لە کاتێکدایە لە یاساکەدا رێککەوتی 03-08-2014 هاتووە، بەمەبەش دەستکاریی رێککەوتەکە دەکرێت. هەروەها داواکراوە دەقی بەندی سێیەم لە مادەی 2ی یاساکە هەڵبوەشێتەوە و ئەمە لە شوێنی دابنرێت:
مادەی 2- سێیەم: رزگاربووان لە منداڵانی (ئێزدی، تورکمان، مەسیحی و شەبەک) و ئەوانەی لەکاتی رفاندنیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵی بووە.
لە کاتێکدا لە مادەی 2ی بڕگەی سێیەمی یاساکەدا هاتووە: رزگاربووانی منداڵانی ئێزدی ئەوانەی لەکاتی رفاندنیان تەمەنیان خوار 18 ساڵ بووە.
یاسای قەرەبووکردنەوەی رزگاربووانی ئێزدی کە لە 1ی ئایاری ساڵی 2021 لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، چوارچێوەیەکی کارکردنی دانا بۆ دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی و جۆر و شێوەکانی دیکەی قەرەبوو بۆ رزگاربووان، لەوانەش: مووچەی مانگانە، پارچە زەوی، دەستگەیشتن بە چارەسەرە دەروونی و تەندروستییەکان و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، بەڵام یاساکە تاوەکو ئێستا وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ