دەیان قوتابخانە لە شارەکانی عێراق ناویان ئەنفالە و پەروەردە دەڵێت 'ئەرێنییە'

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنفال ئەگەر بۆ کورد بیرهێنانەوەی دڕەندەترین شاڵاوی کۆمەڵکوژی بێت، لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق ناوی قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنە.
 
قوتابخانەی سەرەتایی ئەنفال لە بەشی رەسافەی بەغدا، ساڵی 2010 دروستکراوە، قاسم حەسەن یەکێک بووە لە ئامادەبووانی ساتی ناولێنانی قوتابخانەکە.
 
قاسم باوکە و منداڵەکانی خۆیشی لەو قوتابخانەیە دەخوێنن، دەڵێت: "ناوەکە لەسەر ناوی سورەتێکی قورئان بوو، لیژنەیەکی سەرپەرشتیاری پسپۆڕ هەبوو بە تیروپشک ناوەکەیان راکێشا ناوی ئەنفال دەرچوو."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، دەیان قوتابخانە لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق بەناوی ئەنفال کراون. تەنیا لە بەغدا زیاتر لە چوار قوتابخانە بەو ناوەوە هەن. قوتابخانەی دواناوەندیی ئەنفالی کچان بۆ خوێندنی ئیسلامی کە ساڵی 2011 لە ناوچەی دۆرەی بەغدا دامەزراوە، یەکێکە لەوانە. 
 
بە دووریی 360 کیلۆمەتر دەچمە خوارووی بەغدا بۆ پارێزگای زیقار کە گومان دەکرێت بەشێک لەو 22 گۆڕە بەکۆمەڵەی تێیدا دۆزراونەتەوە، هی سەردەمی ئەنفال بن، لانیکەم دوو قوتابخانە بەناوی ئەنفالەوە کراون.
 
باوکی مستەفا، دانیشتووی قەزای بەتحەیە لە پارێزگای زیقار، لێم پرسی، بۆچی ناوی لێنراوە ئەنفال؟ هۆکارێکی دیاریکراو هەیە؟ لە وەڵامدا گوتی، "ئەنفال لە قورئاندا هاتووە، هەروەها ئەوکات لە سەردەمی سەدام ناویان لێنا قوتابخانەی ئەنفال، شاڵاوی ئەنفال بوو ناویاننا ئەنفال."
 
چوومە نێو قوتابییانی قوتابخانەکە و پرسیاری مانای ئەنفالم لێ کردن، قوتابییەک بەناوی کەڕاڕ مالیک کە پۆلی چوارەم بوو، کاتێک لێم پرسی "دەزانی مانای ئەنفال چیە؟" گوتی، "نەخێر."
 
لەو دەیان قوتابخانەیەی لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی عێراق ناویان ئەنفالە، بەشێکیان لە سەردەمی بەعسدا دروستکراون و بەشێکیان لە دوای رووخانی بەعس ناو نراون. وەزارەتی پەروەردەی عێراق هۆکارەکە ئەرێنی و بۆ لەبیرمانەوە دەگەڕێنێتەوە.
 
کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق پێی گوتم، "بێگومان ناو بۆ قوتابخانە رەمز و ئاماژەیە، ئەنفال رووداوێکی عێراقیی گرنگە، پەیوەندی بە ویژدانی ئەم خەڵکەوە هەیە، بۆیە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ ناولێنان و یادکردنەوە، پێش ماوەیەک لێرە یادمان کردەوە، بۆیە وەزارەت بە پلەیەکی بەرز مامەڵە لەگەڵ هەموو رەمزە نیشتمانییەکان دەکات بۆ مانەوە لە یادەوەریی نەوەکان بەگشتی."
 
لەم بەدواداچوونەی رووداودا دەرکەوت، دوای 36 ساڵ لە شاڵاوی ئەنفال کە تێیدا هەزاران گوند خاپوورکران و نزیکەی 182 هەزار کورد زیندەبەچاڵ کران، هێشتاش نەک نەوەی نوێ بەڵکو زۆرینەی نەوەی کۆنی عێراقیش ئەنفال تەنیا وەک ناوی سورەتێکی قورئان دەبینن.