دەستەی دەستپاکیی عێراق لە دەوڵەمەندبوونی 30 بەرپرسی حکومەت دەکۆڵێتەوە

02-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دەستپاکیی عێراق داوا لە وەزیری پێشووی دارایی دەکات قسەکانی لەبارەی بە ناڕەوا دەوڵەمەندبوونی 30 بەرپرس و سیاسەتمەدار و بوونیان بە ملیاردێر بسەلمێنێت.
 
هەروەها داوای زانیاری لێدەکات لەبارەی ئەو کەسانەی گوایە سامانی هەر یەکێکیان لە یەک ملیار دۆلار زیاترە. سەرۆکی سەنتەری ئابووریی سیاسیی عێراقیش دەڵێت، "ژمارەکە لەوە زیاترە کە گوتراوە". 
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی کە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراقی کردووە، داوا دەکات وەزارتەکە عەلی عەللاوی، وەزیری پێشووی دارایی ئاگادار بکاتەوە لەبەردەم دەستەکە ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی زانیاری لێی لەبارەی دەوڵەمەندبوونی بە ناڕەوای ژمارەیەک بەرپرس، چونکە وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە، بەپێی قسەی ئەو وەزیرە پێشووە، "سەرچاوەی دەوڵەمەندبوونی ئەو کەسانە دەوڵەتە". 
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق هۆکاری بانگکردنی ئەو وەزیرەی بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە کە دەیەوێت لە زیادبوونی سامانی ئەو کەسانە بکۆڵێتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، دەیەوێت لە وەزیرەکەوە بزانێت ئەو پارەیەی باسی کردووە کاشە یان لە بانکەکان هەڵگیراوە یان لە کەرتی خانوبەرەدایە.
 
عەلی عەللاوی لە حکومەتی مستەفا کازمییدا وەزیری دارایی بوو و شەوی یەکی ئەم مانگە لە یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییەکانی عێراق گوتی، "سەرچاوەی دەوڵەمەندی و دەوڵەمەندبوون لە عێراق دەوڵەتە؛ بەشی زۆری پارە بۆ مووچە و کرێ دەڕوات؛ بەشێکی بۆ وەبەرهێنان و بەشێکی دەدزرێت؛ بەشێکی بەفێڕۆ دەچێت؛ دەوڵەت سەرچاوەی گەورەی دەوڵەمەندبوونە".
 
عەلی عەللاوی گوتیشی، "زیاتر لە 30 کەس ملیاردێرن؛ بەشێکیان سیاسەتمەدار و بەشێکیان کەسانێکن لە بواری ئابوورییدا کار دەکەن. لە ساڵی 2003ـەوە ئەو کەسانە بوون بە ملیاردێر".
 
لەبارەی بڕیارەکەی دەستەی دەستپاکیی عێراقەوە، ویسام حەمدل، سەرۆکی سەنتەری ئابووریی سیاسیی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەبێت وەزیری پێشووی دارایی قسەکانی لەبەردەم دەستەکە بسەلمێنێت، ئەگەر نا بەرپرس دەبێت و رەنگە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت".
 
سەبارەت بەو ژمارەیەش عەلی عەللاوی باسی کردووە، ویسام حەمدەل رایگەیاند، "ئەو ژمارەیە کەمترە لەوەی هەیە، چونکە ژمارەی ملیاردێرەکان زیاترن".
 
بە گوێرەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لە 180 وڵاتدا عێراق لە رووی گەندەڵییەوە لە ریزی 157مینە؛ ساڵانە سەروو 200 ملیار دۆلار لە پڕۆژەی ساختە و وەهمی سپی دەکرێتەوە و دەدزرێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.