300 هەزار کرێکاری سووریایی لە عێراق هەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، 300 هەزار کرێکار لە سووریاوە هاتوونەتە عێراق و بەبێ ئەوەی تۆماربکرێن، کاردەکەن. دەشڵێت نزیکەی 42 هەزار کرێکاری بیانی لە عێراقدا تۆمارکراون.
نەجم عوقابی، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەبارەی کرێکارانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کە لە عێراقدا هەن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 300 هەزار کرێکاری سووری لە عێراقدا هەن بێ ئەوەی خۆیان تۆماربکەن کاردەکەن."
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق گوتی: "کرێکاری سووری ئەگەر لە هەرێمی کوردستانەوە هاتبێتە نێو عێراقەوە بە نافەرمی هەژمار دەکرێت، چونکە داوای ڤیزە و مۆڵەتی کارکردنی نەکردووە، بۆیە ئێمە بە نافەرمی تۆماری دەکەین."
سەبارەت بە ژمارەی کرێکارانی بیانیی تۆمارکراو لە عێراق بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کار ژمارەیان نزیکەی 42 هەزار کەس دەبێت، دەشڵێت: "ئەو ژمارەیە تەواو دروست نییە، چونکە ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیان تۆمار کردووە."
کرێکارانی بیانی ئەوانەی لە عێراقدا کاردەکەن لەو ژمارەیە زیاترە وەکو ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بۆ دەکات، بەڵام زۆرینەی ئەو کرێکارانەی لەو 42 هەزار کەسەن لە وڵاتانی ئاسیایین.
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری عێراق باسی لەوەشکرد ئەوان کاردەکەن، بۆ ئەوەی کرێکاری شارەزای پێویست بهێندرێتە عێراقەوە.