رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری نەینەوا داوا لە بەشێک لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەکات بارەگاکانیان ببنە دەرەوەی شاری موسڵ، پاساویشی بۆ ئەوە ئەوەیە دۆخی ئەمنیی شارەکە سەقامگیرە و پێویست ناکات ئەو بارەگایانە لەنێو شاردا هەبن. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێت: "بڕیاڕێکی پێویستە."
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، عەبدولقادر دەخیل، داوای لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بارەگای بەشێک لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ببرێنە دەرەوەی شاری موسڵ و پاساوی بۆ ئەوەش ئەوەیە ئاسایش و سەقامگیری لە شارەکە باشترە و پێویست بە بوونی ئەو هێزانە لەنێو شاردا ناکات.
هیشام هاشمی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاڕێکی پێویست و ئازایانەیە بەهۆی ئەوەی دۆخی ئەمنیی شاری موسڵ و پارێزگای نەینەوا سەقامگیرە، بۆیە باشترە بارەگای دەزگا ئەمنییەکان ببرێنە دەرەوەی شارەکە، چونکە لەلایەک دۆخێکی گونجاوتر بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە و شاری موسڵ دەڕەخسێنیت، لەلایەکی دیکە شارەکە پێویستی بەوە نییە بە سەربازگە بکرێت."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە گوتیشی: "گرنگە لە قۆناخی ئێستا و داهاتوو جەخت لەسەر وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییەکان لە شاری موسڵ بکرێتەوە."
شاری موسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوایە، لە ساڵی 2014 یەکەم شار بوو داعش توانی لەو پارێزگایە کۆنتڕۆڵی بکات و کوشتن و بڕینێکی زۆری تێدا کرد، دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکە لە ساڵی 2017، ئێستا رەوشی ئەمنیی شارەکە جێگیرە.
تاوەکو ئێستا دۆسییەی ئەمنیی شەش لە پارێزگاکانی عێراق لە سوپاوە رادەستی پۆلیسی فیدراڵی کراوە و هێزەکان چوونەتە دەرەوەی شارەکان، بەتایبەت سەنتەری پارێزگاکان، بڕیارە ئەم ساڵ دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، ئەنبار، سەڵاحەدین و ساڵی داهاتووش پارێزگاکانی بەسرا، بەغدا، میسان و کەرکووک رادەست پۆلیس بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ