رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ تاوتوێی سکاڵایەک لەدژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات کە لەدژی سەرۆکوەزیران و سەرۆکۆماری عێراق تۆمارکراوە، سکاڵاکار داوای قەرەبووکردنەوەش لە ئەمریکا دەکات.
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە ئەمڕۆ (سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024) دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کۆببێتەوە، کە دژی مانەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق تۆمارکراوە.
باسم خەشان، ئەو پەرلەمانتارەی سکاڵاکەی کردووە، لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگەکە کردووە دروستیی رێگەدان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئەمریکا هەڵبوەشێنێتەوە، کە لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقن.
هەروەها داوای کردووە ئەمریکا قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە، کە لە ماوەی 1-1-2009ـوە تاوەکو رادەستکردنەوەیان بە ناوچە و دامەزراوەکانی عێراق کەوتوون، کە بەپێی ئەو پەرلەمانتارە، دوای کۆتاییهاتنی رێککەوتننامەکە بووە.
باسم خەشان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق جگە لە زیان هیچ سوودێکیان بۆ عێراق نییە، جگە لە بارگرانی و هێرشکردنە سەر هێزەکانی عێراق، هیچ پێویستییەک بۆ مانەوەیان نەماوە و باشترە بڕۆن."
گوتیشی "چاوەڕوان دەکەم دادگەی فیدراڵی لە بەرژەوەندیی سکاڵاکەمدا بڕیار بدات."
رۆژی 17-11-2008 ئەمریکا و عێراق رێککەوتننامەیەکیان بە ناوی رێککەوتننامەی ئەمنی واژۆکرد. بەپێی رێککەوتننامەکە؛ هێزەکانی ئەمریکا لە ناوەڕاستی ساڵی 2009 لە شار و شارۆچەکەکانی عێراق دەکشێنەوە و لە 31ـی-12-2011 هێزەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە، بەڵام لە ساڵی 2014 و بە دیاریکراوی لە دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر عێراق، هێزەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە هاتنەوە.
دوای 10 ساڵ، عێراق و ئەمریکا سەرقاڵی رێککەوتنێکی دیکەن پەیوەست بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژمارەیەک لە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێران، داواکاریی چوونە دەرەوەی عێراقی هێزەکانی ئەمریکاش زیاتربووە، بەتایبەت لە پاش هێرشی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ