کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد؛ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە بەرنامەی کاردایە
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 170 پەرلەمانتار دەستیپێکرد و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکرێت.
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەستیپێکردووە و یەکێک لە خاڵەکانی بەرنامەی کار، خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە. پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، لە دوو هەفتەدا دەتواندرێت هەڵەبجە وەکو پارێزگا بناسێندرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 13ـی ئاداری 2023، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد. بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، ئەمشەو 2ـی نیسانی 2023، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە دەکرێت.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە رووداوی راگەیاند، دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی 178 پەرلەمانتار دەستیپێکردووە.
کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە دەکرێت؛ دەبێت لانیکەم هەفتەیەک دواتر خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت. بەگشتی ئەگەر رێکارەکان بە رێکوپێکی بەڕێوەبچن، لە دوو هەفتەدا دەتوانرێت پڕۆژەیاساکە پەسند بکرێت".
یاروەیس ئاماژەی بەوەش کرد، دەنگۆی ئەوە هەیە پڕۆژەیاسای بودجە بگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەت و گوتی، "ئەگەر پڕۆژەیاساکە گەڕێندرایەوە بۆ حکومەت، داوا دەکەین پارەی تایبەت وەکو پارێزگا بۆ هەڵەبجە تەرخانبکرێت، ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجە نەگەڕێندرێتەوە، ئەوا لە کاتی گفتوگۆکردندا داوای تەرخانکردنی پارە وەکو پارێزگایەکی نوێ بۆ هەڵەبجە دەکەین، چونکە تەنیا بڕیاردان بۆ بەپارێزگاکردن بەس نییە و دەبێت بودجە بۆ ئاوەدانکردنەوەی تەرخانبکرێت".
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رادەستی حکومەتی عێراق کرد.
هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە. لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
ماوەی 20 ساڵ دەبێت هیچ پارێزگایەکی نوێ لە عێراق دروستنەکراوە، لەکاتێکدا بەراورد بە ساڵی 2003 ژمارەی دانیشتووانی عێراق بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستن، بە رێژەی 40٪ زیادیکردووە و لە 25 ملیۆنەوە بووەتە 42 ملیۆن کەس. ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش بە رێژەی 27٪ زیادیکردووە و لە 4 ملیۆن و 800 هەزار کەسەوە بووەتە زیاتر لە 6 ملیۆن و 400 هەزار کەس.
بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی پەرلەمان سێ خاڵی لە خۆگرتووە کە بریتیین لە:
یەکەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەڕێوەبەردنی سەرچاوەکانی بۆماوەیی.
دووەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە.
سێیەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای ئامار و رێکخستنی زانیاری جوگرافی.