خالید شوانی: لەوکاتەوەی بوومەتە وەزیری داد 6 بڕیاری لە سێدارەدانمان جێبەجێکردووە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دادی عێراق رایدەگەیێنێت، لەوکاتەوە بووەتە وەزیری داد، 6 بڕیاری لەسێدارەدانیان جێبەجێکردووە. یەکێکان بکوژی بەڕێوەبەری شارەوانیی یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق بوو.
  
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە شەوانە دانیشتنێکی گفتوگۆییدا کە ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ بۆ بەرپرسانی عێراقی رێکیدەخات، گوتی، "هیچ بەریەککەوتنێک لە نێوان ئێمە و دەسەڵاتی دادوەریی نییە، پەیوەندیمان لەگەڵیاندا لەسەر بنەمای هاوئاهەنگی و تەواوکارییە، بەوپێیەی ئێمە ئەو بڕیارانە جێبەجێ دەکەین کە لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەردەچن".
 
لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لەسێدارەدان، وەزیری دادی عێراق کە لە پشکی یەکێتیی نیشمانیی کوردستانە، دووپاتیکردەوە، "هەرکاتێک مەرسوومی کۆماریی بگات، بێ دوودڵی بڕیارەکانی لەسێدارەدان بەسەر تاوانباران جێبەجێ دەکەین، لەو کاتەوە پۆستی وەزیری دادم وەرگرتووە تائێستا لە کۆی 7 بڕیار، 6 لە سێدارەدانمان جێبەجێکردووە، یەکێکان بکوژی بەڕێوەبەری شارەوانیی یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق بوو".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی دۆخی بەندیخانەکان، وەزیری دادی عێراق دەڵێت، هەوڵدەدەن پێوەرکانی مافی مرۆڤ لە فەرمانگەکانی چاکسازی و زیندانەکانی عێراقی جێبەجێ بکەن کە بە رێژەی 300٪ لە توانای خۆیان زیاتری تێدایە.