مەشعان جبووری: چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناتوانێت ببێتە گەورەترین فراکسیۆن


رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان دەڵێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت ببێتە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و سەرۆککۆمار دیاری بکات. 
 
مەشعان جبووری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان رۆژی شەممە 2-4-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نییە، چونکە پێشتر وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار درێژکراوەتەوە. لە دەستووردا یەک مانگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاریکراوە و لایەنەکان سەرکەوتوو نەبوون لەوەی سەرۆککۆمار هەڵبژێرن". 
 
پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانیی سەروەریی دەڵێت: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت ببێتە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت. موقتەدا سەدر مەبەستییەتی بۆ گەلی عێراق دیاری بکات کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاستەنگی بۆ پرۆسەی سیاسی دروستکردووە".
 
مەشعان جبووری باس لەوە دەکات کە ئەوان وەک هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق نییە، بەڵام چوارچێوەی هاوئاهەنگی نایانەوێت کازمی لە پۆستەکەی بەردەوام بێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە 31ـى ئادارى 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتى سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، توانیویانە ببنە براوەى هەڵبژاردن و گەورەترین فراکسیۆنی شیعە و ئەوەشیان پێبڕاوە کە گەورەترین فراکسیۆن پێکبهێنن و کەسێک بەربژێربکەن بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران کە بەلاى هەمووانەوە پەسندە.
 
موقتەدا سەدر گوتی: "پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکەمان هەندێکى بێزار کردووە کە ئاستەنگ دروستدەکەن و ئێستاش لە دروستکردنى بەربەست بەردەوامن". 
 
رێبەری رەوتی سەدر نووسیویەتی: "بۆ ئەوەى عێراق بێ حکومەت نەمێنێتەوە و دۆخى ئەمنى و ئابووری و خزمەتگوزاری خراپ نەبێت، لێرەوە دەرفەت دەدەمە سێیەکى پەکخەر بۆ ئەوەى دانوستاندن لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکان بکەن بێ جیاوازى بۆ پێکهێنانى حکومەتى زۆرینەى نیشتیمانى، بێ فراکسیۆنی سەدر لە یەکى مانگى رەمەزان تاوەکو نۆى مانگى شەوالى داهاتوو".[
 
26 و 30ـى ئادار پەرلەمانى عێراق نەیتوانى سەرۆککۆمارى نوێ هەڵبژێرێت، لەنێو 41 بەربژێردا بەهۆى بایکۆتکردنى کۆبوونەوەکە لەلایەن هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى و چەند فراکسیۆنێکى دیکەوە کە زیاتر لە سێیەکى تێکڕاى ژمارەى ئەندامانى پەرلەمان پێکدەهێنن.
 
موقتەدا سەدر کە فراکسیۆنەکەى خاوەنى 73 ئەندامى پەرلەمانى عێراقە، داواى لە پەرلەمانتارانى رەوتەکەى کردووە دەست لەو پرسە وەرنەدەن "نە بە چاکە و نە بە خراپە".