دارا سێکانیانی: ئەگەری روودانی کودەتا لە عێراق هەیە
رووداو دیجیتاڵ
دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی دۆخی عێراق دەڵێت، ئەگەری دروستبوونی کودەتا بەهێزە و کورد دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات.
دارا سێکانیانی رۆژی شەممە 2-4-2022 لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ـی بەیانییدا کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "عێراق بە دۆخێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت و لایەنەکان کە پێشتر بە رێککەوتن حکومەتیان پێکدەهێنا، ئێستا بەشێکیان باس لە حکومەتی زۆرینە دەکەن کە ئەمەش لەوانەیە لە رووی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتەوە باش بێت، بەڵام لە راستیدا لە عێراق هێشتا جێگەی خۆی نەگرتووە".
سێکانیانی پێیوایە، ئەگەر سەرکردایەتیی کورد هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەی عێراق نەکات، ئەو کاتە زیانمەندی یەکەم کورد دەبێت و دەشڵێت، "وەک چۆن ئێمە لە نەسازان و پەرتەوازەیی کورد نزیکەی 50٪ـی خاکەکەمان لەدەستدا، دوور نییە عێراق بەرەو جۆرێک لێکترازان بڕوات و ئەو ئاسایشەی هەیەتی نەمێنێت و دواتر لە حاڵەتی دروستبوونی کودەتادا زیانمەندی یەکەم گەلی کورد دەبێت".
لەبارەی ئەگەری روودانی کودەتای سەربازی، ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو بە ئەگەرێکی کراوەی دەزانێت و دەڵێت: "بەشێک لەو هێزانەی لە دەسەڵاتی عێراقدا بەشدارن، هێزی چەکدارییان هەیە؛ ئەگەر بتەوێ لە قۆناخی دوای پرۆسەیەکی هەڵبژاردندا پەڕاوێزیان بخەی، عەقڵیەتی دیموکراسی لە عێراقدا هێشتا ئەو گەشەیەی نەکردووە ئەمە قبووڵ بکات و لایەن و وڵاتانی دیکەش هەن کە ئەمەیان قبووڵ نییە؛ بۆیە دوور نییە سەربکێشێت بۆ کودەتا".
دارا سێکانیانیی راگەیێندراوەکەی شەوی رابردووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە دوو ئاراستە شرۆڤە کرد و گوتی: "شرۆڤەی یەکەم، جۆرێک ئامادەیی بۆ لێکنزیکبوونەوە و هاوئاهەنگی و دروستکردنی فراکسیۆنێکی گەورە بۆ پێکهێنانی حکومەتی تێدا بەدیدەکرێت؛ دووەمیش، وەک چۆن تاوەکو ئێستا حکومەتی سازان، بە رێککەوتنی هەموو لایەنەکان بەڕێوەچووە، بانگەوازە بۆ هەمان شت".
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەشداری نەکرد و دارا سێکانیانی دەڵێت، ئەو هەڵوێستەیان پاڵپشتی نەبووە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی و رایدەگەیێنێت: "دوای ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەر لەوەی هیچ بەرەیەک دروستبێت، لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی خۆی راگەیاند و گوتی بەشداری کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ناکات".
پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو باسی لەوەش کرد: "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە هەڵوێستەکەمان نە دژی کەسە و نە لە بەرەی کەس. بە خوێندنەوەمان بۆ دۆخی عێراق و ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی بوونەتەوە، ئەوەمان بە بەرژەوەندی زانی لە پێناوی کوردستان و عێراقیش بەشداری حکومەت نەکەین".
دارا سێکانیانی بەرنامەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە دروست دەزانێت و دەڵێت: "کاتێك لایەنێک پەراوێز دەخرێت، ئەو مەترسییە دروست دەبێت کە دەمانگەیەنێتە لێواری کودەتا و شەڕی نێوخۆ، بەڵام کە دەرفەتی لەیەکنزیکبوونەوە دەدەیتە لایەنەکان بۆ دروستبوونی گفتوگۆ و هاوئاهەنگی، ئەمەیان راستترە".
بەر لە کۆبوونەوەی 26ـی مانگی رابردووی پەرلەمان، هەواڵی ئەوە هەبوو کە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان گوشاری زۆریان لەسەرە بۆ ئەوەی بچنە پاڵ یەک لە لایەنەکان؛ ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو ئاماژە بوە دەکات، بۆ چوونە نێو بەرەیەکی عێراقی هیچ گوشارێکیان لەسەر نەبووە، بەڵام گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە بۆ ئەوەی بەشداری بکەن و گوتیشی: "هیوادارین پارتی و یەکێتی بە بەربژێرێکی هاوبەشەوە بچنە پەرلەمانی عێراق و ئامانجیشمان پەرتنەبوونی نێوماڵی کورد و سەنگ و هێزی کوردە لە بەغدا. وەک یەکگرتوو، رامان لەسەر بەربژێرکردنی هیچ کەسێک نییە و پێمانوایە کاتێک بەربژێرێک سەرکەوتوو دەبێت کە هەموو لایەنەکان پشتیوانی لێبکەن".
لەبارەی بەربژێربوونی دارا شێخ عومەر بۆ پۆستی سەرککۆماری عێراق، پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو گوتی: "ئێمە کاتێک دەڵێین بەشداری حکومەت ناکەین، نابێ بەربژێریشمان هەبێت؛ شێخ عومەر بەرزنجی وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ خۆی بەربژێر کردووە، نەوەک وەک بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامی و بەربژێری ئێمە نییە".