وێنەى ڤلادیمیر پووتین لە شەقامێکی بەغدا دادەنرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لە شەقامێکى گشتى گەڕەکى جادریەى بەغداى پایتەختی عێراق، وێنەیەکى ڤلادیمیر پووتن، سەرۆکى رووسیا دادەنرێت، کە لەسەرى نووسراوە: "پاڵپشتی رووسیا دەکەین".
 
وێنەکە لە نزیک بارەگاى گرووپێکى چەکدار داندراوە و لە ژێریدا هاشتاگێک نووسراوە بەناوى: "هاوڕێیانى سەرۆک". ئەو گەڕەکەى وێنەکەى لێهەڵواسراوە، بارەگاى زۆربەى پارتە سیاسییەکان و بەشێک لە دامەزراوە حکوومییەکانی لێیە.
 
رۆژی 24ی شووباتی 2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە سوپاکەی کرد، هێرش بکەنە سەر ئۆکراینا.
 
هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا شەقام و لایەنە سیاسییەکانی عێراقی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە، لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتگیریی ئۆکراینا دەکەن، هەرچی لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، پشتگیری لە رووسیا دەکەن.