قایمقامی قائیم: بۆ کردنەوەی دەروازەی قائیم چاوەڕێی بڕیاری حکومەتین

02-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای قائیم دەڵێت، ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی قائیم بۆ هاتووچۆی بازرگانی لەگەڵ سووریا تەواوبوون، کردنەوەی دەروازەکە لەسەر بڕیاری حکومەتی عێراق ماوە.
 
تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم، رۆژی یەکشەممە 02-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو ئامادەکارییەک بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری قائیم تەواوبووە، لایەنی سووریاش ئامادەیە."
 
بڕیاربوو سەرەتای هەفتەی ڕابردوو دەروازەکە بکرێتەوە. قایمقامی قەزای قائیم بەداخە کە تاوەکو ئێستا دەروازەکە بۆ هاتووچۆی بازرگانی داخراوە و سەرسووڕمانیی خۆشی لە دواخستنی کردنەوەی دەروازەکە دەربڕی.
 
دەروازەی قائیم بە دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریا دادەنرێت، کە دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری شاری ئەلبوکەمال لە دێرەزوور و لەوێ پێیدەگوترێت دەروازەی ئەلبوکەمال.
 
قایمقامی قەزای قائیم گوتی: "هاتووچۆی هاووڵاتییە عێراقی و سووریاییەکان لەو دەروازەیەوە بەردەوامە، دەستپێکردنەوەی جموجۆڵە بازرگانییەکان ماوە."
 
لە دوای 8ـی کانوونی یەکەمەوە، دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، دەروازەی قائیمی نێوان عێراق و سووریا داخرا و دواتر رێگە بە هاتووچۆکردنی دۆخی پێویست و مرۆیی درا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە