"دیدارمان لە بەهەشتە"؛ دوا قسەکانی باقر سەدر بۆ خوشکەکەی لە زاری بکوژەکەیەوە

02-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
دانپێدانانی سەعدوون سەبری جەمیل
دانپێدانانی سەعدوون سەبری جەمیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 45 ساڵ بەسەر کوشتنی محەممەد باقر سەدر، یەکێک لە هێما هەرە دیارەکانی شيعەی عێراق، بکوژەکەی وردەکاریی دەستگیرکردن و کوشتنەکەی ئاشکرا دەکات. 
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق رۆژی شەممە، بە رووداوی راگەیاند، پێنج بەرپرسی باڵای ئەمنیی پێشووی عێراقیان دەستگیرکردووە، کە ساڵی 1980 لەماوەی سەرکوتکاریی دەسەڵاتی بەعس لە دژی ئۆپۆزیسیۆن و کورد، دەستیان لە لەسێدارەدانی باقر سەدر و خوشكەکەیدا هەبووە. 
 
دیارترینی ئەو پێنج پیاوە، کەسێکە بە ناوی سەعدوون سەبری جەمیل قەیسی، کە ئەوکات پلەی لیوای هەبووە. لە دانپێدانانەکانیدا دەڵێ بە چەکی خۆی، فەرمانی لە سێدارەدانی محەممەد باقر سەدری جێبەجێکردووە. 
 
محەممەد باقر سەدر کە دەکاتە خەزووری موقتەدا سەدر، رێبەری ئێستای بزووتنەوەی سەدر، لە 8ـی نیسانی 1980، لەگەڵ بنت هودای خوشکی، لەسێدارەدران. 
 
بە گوتەی سەباح نوعمان، سەعدوون، ناسراو بە عەقید زوهێر، لەدایکبووی 1947، لە پارێزگەیەکی نێوەڕاستی عێراق دەستگیرکراوە. 
 
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی ئەسیۆشیەتد پرێسی ئەمریکیی راگەیاندووە، پێنج مانگ لەمەوبەر سەعدوون و چوار کەسەکەی دیکە دەستگیرکراون.  
 
جگە لە کوشتنی محەممەد باقر سەدری خەزووری موقتەدا سەدر و خوشکەکەی، بە گوتەی ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەعدوون "بێ گەڕانەوە بۆ هیچ دادگەیەک،" ئەندامانی پارتە ئیسلامییەکان، کورد و دوو کوڕی بنەماڵەی حەکیمی لەسێدارەداوە. 
 
محەممەد باقر سەدر چۆن کوژرا؟
 
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڤیدیۆی دانپێدانانی هەر پێنج تاوانبارەکەی بڵاوکردەوە. 
 
سەعدوون سەبری کە ئەو کات بەڕێوەبەری هۆبەی پێنجەمی هەواڵگریی عێراق بووە، بە وردەکارییەوە باسی چۆنیێتیی دەستگیرکردن و کوشتنی محەممەد باقر سەدر دەکات.
 
سەعدوون بە جلێکی زەردەوە لە ژوورێکی تاریک دا، روو لە کامێرا و لەبەردەم ئەفسەرێکی لێکۆڵینەوە، دەڵێت "چاودێریی محەممەد باقر سەدرمان دەکرد و، سیخوڕیمان بەسەر تەلەفۆنەکەیەوە دەکرد. رۆژێک تەلەفۆنی ئێرانی کرد. نازانین قسەی لەگەڵ کێ کرد."
 
دوای ئەوە، سەعدوون، فازڵ بەڕاک، بەڕێوەبەری ئەوکاتی ئاسایشی گشتیی عێراق ئاگادار دەکاتەوە، کە محەممەد باقر سەدر لەگەڵ ئێران لەپەیوەندیدایە. 
 
سەعدوون دەڵێت: "ئەو پێی گوتم، بۆی بڕۆ. منیش بۆی چووم."
 
ساڵی 1980، گرژییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە لووتکەدا بوون. شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979 ئاسۆی سیاسیی ناوچەکەی بە تەواوی گۆڕی بوو و رۆحوڵڵا خومەینی، رێبەری شۆڕشەکە داوای دەکرد شۆڕش وڵاتانی دیکەش بگرێتەوە. سەدام حوسێن، سەرۆکی دەسەڵاتی بەعس ئەوەی بە هەڕەشە بۆ سەر عێراق دەزانی. لە هەمان کاتدا، ناکۆکییەکان لەسەر شەتولعەرەب، لە هەڵچوونی بەردەوامدا بوون. پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق کە بەشێکیان پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەبوو، لەژێر چاودێریی چڕی دەزگا ئەمنییەکاندا بوون. گرژییەکان بەجۆرێک بوون، کە لە ئەیلوولی 1980، سەریان نا بۆ جەنگێکی هەشت ساڵەی خوێناوی. 
 
چەند مانگێک پێش جەنگەکە، سەعدوون دەڵێت، تێبینییان کردووە خەڵک شاند لە دوای شاند، "بە گوتنەوەی درووشم" دەچنە لای محەممەد باقر سەدر و بەیعەتی پێدەدەن. 
 
فازڵ بەڕاک بڕیاردەدات چاودێری بەسەر خەڵکەکەدا چڕبکەنەوە، بازگە دابنێن بۆ ئەوەی هەر ئۆتۆمبێلێک بچێتە لای پیاوە ئایینییە شيعەکە، ژمارە تابلۆکەی و ناسنامەی هەموو سەرنشینەکانی تۆمار بکەن. 
 
دواتر فازڵ بەڕاک، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی نەجەف ئاگادار دەکاتەوە، کە محەممەد باقر سەدر ببەنە ئاسایشی گشتی لە بەغدا. 
 
سەعدوون دەڵێت "چووم، بینیم محەممەد باقر سەدر لای سکرتێری بەڕێوەبەری گشتی دانیشتووە. سڵاوم لێکرد و وەڵامی دامەوە. گوتم، 'سەید چۆنی؟ خۆ نەخۆش نیت؟' گوتی، سوپاس بۆخوا."
 
وەک باسی دەکات، دوای ناردنی محەممەد باقر سەدر بۆ "لای دکتۆرێک" کە روونی ناکاتەوە بۆ چ مەبەستێک بووە، فازڵ بەڕاک بە سکرتێرەکەی دەڵێت، "ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەم ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی سەید بگەڕێننەوە نەجەف، لەبەرئەوەی لە نەجەف خۆپێشاندان دروستبووە، خوشکەکەی چووەتە سەر شەقام و دەستی بە هاتوهاوار کردووە و گوتوویەتی سەیدەکەتانیان برد."
 
دوای گەیشتنەوەی محەممەد باقر سەدر بۆ ماڵەوە، فازڵ بەڕاک فەرمان دەکات، لە ماڵەکەیدا لەژێر چاودێری بهێڵرێتەوە و رێگە نەدەن بچێتە دەرەوە. 
 
سەعدوون دەڵێت، خۆپێشاندانەکان بۆ ئازادکردنی محەممەد باقر سەدر بەردەوام بوون، چەند لیژنەیەکی ئەمنی پێکهێنران و چەندین خۆپێشاندەر دەستگیرکران. 
 
پاشان "لە فازڵ بەڕاکەوە فەرمان دەرکرا بە دەستگیرکردنی محەممەد باقر سەدر و خوشکەکەی." دوای ئەوە، هەردووکیان دەبردرێنە ئاسایشی گشتی و فازڵ بەڕاک چاوی پێیان دەکەوێت. 
 
وەک سەعدوون دەڵێت، ئەو کات فازڵ بەڕاک بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هەردووکیان دەرکردووە و بە سەعدوونی گوتووە، "دەمەوێت خۆت لەسێدارەدان بەسەر محەممەد باقر سەدردا جێبەجێبکەیت." 
 
لێرە، کەسێکی دیکە بە ناوی هەیسەم عەبدولعەزیز دێتە نێو چیرۆکەکەوە، کە لەگەڵ سەعدوون و سێ کەسەکەی دیکە دەستگیرکراوە. 
 
هەیسەم، ئەوکات ئەفسەری بەرەنگاربوونەوەی تاوان بووە لە بەغدا، لە دانپێدانانەکانیدا دەڵێت، لە لایەن فازڵ بەڕاکەوە راسپێردراوە بچێت سەرپەرشتیی لەسێدارەدانەکە بکات و، وردەکارییەکانی بۆ بێنێتەوە. 
 
بەگوتەی ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق، لەسێدارەدانی محەممەد باقر سەدر و خوشکەکەی لە هۆبەی پێنجەمی ئاسایشی گشتی جێبەجێکراوە، کە سەعدوون بەرپرس بووە لێی. 
 
سەعدوون باس لە دوا ساتەکانی محەممەد باقر سەدر و خوشکەکەی دەکات و دەڵێت، هەردووکیان "هێنرانە بەردەممان و لە تەنیشت یەکدی دانران. یەکدیان ماچ کرد" محەممەد باقر سەدر بە خوشکەکەی گوت "دیدارمان لە بەهەشتە."
 
دواتر خوشک و براکە هەندێک لێک دووردەخرێنەوە. سەعدوون دەڵێت "من، کەمێک گەڕامەوە" و محەممەد باقر سەدر "لەبەردەمم بوو. من تفەنگێکی بچووکم پێ بوو و بە سریە دەستڕێژم لێی کرد." 
 
خوشکەکەشی لە لایەن ئەفسەرێکی دیکەی سەر بە ئاسایشی گشتیی بە ناوی عەلی عەبدوڵا بەڕاء کوژرا.
 
سەعدوون دەڵێت "دواتر فازڵ بەڕاک پەیوەندیی کرد و گوتی سەید بدەنەوە دەست کەسوکاری. پاشان سەیدمان دەرخست و بردیان بۆ نەجەف."
 
بە گوتەی تاوانبارەکە، دوو ئەفسەری ئاسایشی گشتی، تەرمی محەممەد باقر سەدر پاک دەکەنەوە و رادەستی کەسێکی ناسیاوی لەنەجەف دەکەنەوە، بەڵام باسی چارەنووسی تەرمی بنت هودا ناکات. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا

دادگە بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای راگرت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-03-2025، دادگەی کارگێڕیی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای راگرت، تاوەکو کەیسەکەی لە دادگا یەکلادەبێتەوە.