یەحیا رەسوول: هێرشەکانی ئەمریکا هەوڵەکانی حکومەت بۆ ئاسایش و سەقامگیریی تێکدەدات

رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هێرشەکانی ئەمریکا پێشێلکردنی سەروەریی عێراقن و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات. ئەمریکاش دەڵێت، پێشتر عێراقیان لە هێرشەکە ئاگادارکردووەتەوە.
بەرەبەیانی شەممە، 3-2-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم بڵاویکردەوە، "کاژێر 12:00ـی شەو (بەکاتی هەولێر) هێزەکانمان چەند هێرشێکیان لە عێراق و سووریا کردە سەر سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە میلیشیاکان."
سێنتکۆم هەروەها دەڵێت، "85 شوێن لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و چەند فڕۆکەیەکیش لە ئەمریکاوە فڕیون و 125 مووشەکیان تەقاندووە و هێرشەکان لە رێگەی ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژی دوورمەوداوە کراون."
لەمبارەیەوە لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "شارەکانی قائیم و ناوچە سنوورییەکانی عێراق لەلایەن فڕۆکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هێرشی ئاسمانییان دەکرێتە سەر."
لیوا یەحیا رەسوول رایگەیاندووە: "ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، عێراق هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە لەپێناو زامنکردن و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە."
دەشڵێت: "ئەم هێرشانە، پێشێلکردنی سەروەریی عێراقن، تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقن و هەڕەشەیەک پێکدەهێنن کە عێراق و ناوچەکە بەرەو دەرئەنجامە پێشبینینەکراوەکان پەلکێش دەکات، کە لێکەوتەکانی کارەساتبار دەبن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە."
لەلایەکی دیکەوە، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، پێش هێرشەکە حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە.
لەبارەی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، سێنتکۆم رایگەیاند، "ناوەندەکانی فەرمان و کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنەکان، ناوەندەکانی هەواڵگری، کۆگەکانی رۆکێت، مووشەک و درۆن و دامەزراوەکانی تایبەت بە لۆجیستیی گرووپە میلیشیاکان و ئەوانەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن کە پیلانیان بۆ هێرشەکانی دژی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان داڕشتبوو."
هاوکات لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەبارەی دوایین هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر سووریا و عێراق رایگەیاند، "ئەو هێرشانە لەدوای کوژرانی سێ سەربازمان بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا کران و زیاتر لە 85 شوێنمان کردە ئامانج کە سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەکانی نزیک لێی لە دژی ئەمریکا بەکاریان هێنابوو."