بەرپرسێکی سوپای پاسداران "بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان" سەردانی بەغدای کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران "بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان" سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی گرووپەکانی نزیک لە تاران کۆبووەتەوە.
 
چەند سەرچاوەیەکی عێراقی بە میدیای ئیماراتییان راگەیاندووە، "بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی بەغدای کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی گرووپەکانی سەر بە ئێران و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا".
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، سەردانەکە دوای ئەوە هاتووە کە رۆژی 28-1-2024 سێ سەربازی ئەمریکی لە هێرشێکی درۆنی لە ئوردن کوژران و ئەمریکا رایگەیاند، "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هێرشەکەی کردووە و وەڵاممان بۆی دەبێت".
 
رۆژی سێشەممە، دوو رۆژ دوای هێرشەکە، گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق [کە لەژێر چەتری موقاوەمەی ئیسلامین] رایگەیاند، "بۆ شەرمەزارنەکردنی حکومەتی عێراق، هێرشەکانمان دژی ئەمریکا رادەگرین".
 
ئەو سەرچاوە عێراقییە رایگەیاندووە، "ئەو بڕیارەی کەتائیبی حیزبوڵڵا بەرهەمێکی داوایەکی راستەوخۆی ئێران بووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا و حکومەتی عێراق".
 
هاوکات هەندێک بەرپرسی حیزبە شیعەکانی نێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەو میدیا ئیماراتییەیان گوتووە، تاران و چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێیانوایە کە گرووپە چەکدارەکان بە هێرشکردنە سەر ئوردن و کوشتنی سەربازی ئەمریکی "سنووری خۆیان بەزاندووە". 
 
دوای هێرشەکە، ئەمریکا گرووپەکانی سەر بە ئێرانی بە تۆمەتبار زانی و بەرپرسانی ئێران لەسەر ئاستی باڵا هاتنە دەنگ و گوتیان، "ئێمە لە پشت ئەو هێرشەوە نین و شەڕمان لەگەڵ ئەمریکا ناوێت."
 
باربارا لیف، یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک رایگەیاند، "وەڵامی ئەمریکا لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆی دەبێت و لەوانەیە وەڵامێکی چەند قۆناخی بێت".
 
لۆید ئۆستنی وەزیری بەرگری ئەمریکاش گوتی، "هەموو شتێک دەکەین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان. لەوانەیە وەڵامدانەوەمان چەند جارێک بێت".
 
هەرچەندە ئەو بەرپرسە ئێرانییە سەردانی بەغدای کردووە، دوو لە گرووپە سەرەکییەکەی ژێر چەتری موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە بریتین نوجەبا و کەتائیبی سەیید شوهەدا تا ئێستا بڕیاریان نەداوە هێرش و کردە چەکدارییەکانیان دژی ئەمریکا بووەستێنن.
 
لەلایەکی دیکەوە گرووپی وەعدول حەق [گرووپێکە لە ژێر چەتری تۆڕی سەر بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق] دەڵێن، "لە ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکانمان دژی داگیرکاری ئەمریکی و زایۆنی لە هەر کوێیەکی ناوچەکە بن بەردەوام دەبین؛ ناوەستین تا دووژمنکاری دژی گەلی فەلەستین دەوەستن".