81 پەرلەمانتار بۆ سوودانی: مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان مانگانە لە رێگەی بانکەوە بدرێت

02-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

81 پەرلەمانتاری عێراق داوا لە محەممەد شیاع سوودانی دەکەن هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان راسپێرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەپێویستی دەزانن هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە و مانگانە مووچە وەربگرن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی شوباتی 2024، نووسراوێک لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بە واژۆی 81 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی عێراق ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرا.
 
لە نووسراوەکەدا کە سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بڵاویکردووەتەوە باسی دۆخی قورسی بژێویی فەرمانبەرانی کوردستان و چەند مانگ وەرنەگرتنی مووچەکانیان کراوە، تێیدا هاتووە: "بفەرموون فەرمان بدەن بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەت ئەو دوو وەزارەتە بۆ ئەوەی بابەتی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەپێی رەزامەندیی سەرۆکوەزیران وەکو ئەوەی لە نووسراوی ژمارە(3002/2333426) لە 15ـی تشرینی دووەمی 2023 هاتووە، چارەسەربکرێت."
 
نووسراوەکە جەخت لە نووسراوێکی پێشتر دەکاتەوە کە تێیدا داواکرابوو هەمان مامەڵەی فەرمانبەرانی حکومەتی ناوەندی لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت و مووچەکانیان لە رێگەی بانکەوە و مانگانە بدرێت.
 
ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆیان لەسەر داواکارییەکە  کردووە بەشێکیان تێبینییان نووسیوە لەوانە: "فەرمانبەران پەیوەندییان بە ناکۆکیی سیاسییەوە نییە.. بەڵێ بۆ دادپەروەردیکردن لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی 14-11-2023، نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانەوە، وەڵامی نووسراوێکی پەرلەمانی دایەوە کە لە 02-10-2023دا ئاراستەی کرابوو بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراق TBI یەوە بدرێت.
 
سوودانی  ئەوکات لە وەڵامی نووسراوەکەدا لاری نەبوونی لە پێشنیازەکانی نووسراوەکە نیشاندا، لە رێگەی دوو خاڵەوە: حکومەتی هەرێمی کوردستان داتای فەرمانبەران بداتە حکومەتی فیدراڵی، پارەدارکردنی مووچەکە لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دەبێت.
 
سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەبارەی ئەو نووسراوەی دوێنێ پێنجشەممە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق نێردراوە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: "جارێکی دیکە، دوێنێ واژۆی ئەندام پەرلەمانانمان کۆکردەوە بۆ خێرا جێبەجێکردنی ئەو نووسراوەی سەرۆکوەزیران کە دوای نووسراوی ئێمە لە 2ـی مانگی 10ـی 2023  ئاڕاستەمان کردبوو و سەرۆکی جووڵانەوەکە گەیاندیە دەست سەرۆکوەزیران."
 
هادی سەلامی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەمانەوێت بابەتی مووچەی فەرمانبەران نەکرێت بە کەرستەی سیاسی، گرنگە هەموو فەرمانبەرێک لە عێراق لەوپەڕی باکوور بۆ ئەوسەری باشوور مووچەکانیان لە وادەی خۆیاندا پێبدرێت، ئەو بابەتە بکرێتە پرسێکی ناوەندی، چونکە فەرمانبەرانی کوردستان چەند مانگێکە بەبێ مووچەن و دۆخی داراییان قورسە."
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت کە عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت