سێ پەرلەمانتار لە دادگەى فیدراڵیى عێراق سکاڵا لە دژى محەممەد حەلبووسی تۆمار دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

سێ ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە دادگەى باڵاى فیدراڵی سکاڵا لە دژى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان تۆمار دەکەن، بەتۆمەتى ئەوەى ناوى پەرلەمانتارێکى لە لیژنەیەک سڕیوەتەوە.
 
سکاڵاکە لەلایەن هەریەک لە پەرلەمانتاران باسم خەشان، هادى سەلامى، دورەید جەمیل تۆمارکراوە، لە دژى بڕیارێکى سەرۆکى پەرلەمان بە تۆمەتى هەڵوەشاندنەوەى ئەندامێتیى دورەید جەمیل لە لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانی عێراق.
 
بە بڕیارى ژمارە 22ـى پەرلەمانى عێراق لە 18ـى کانوونى دوومى 2023، ئەندامانى لیژنەکانى پەرلەمانى عێراق جێگیرکران، لەدواى ئەوەى بۆ جارێکى دیکە دەنگیان لەسەر درایەوە.
 
رۆژی 1ـى شوباتى 2023، باسم خەشان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سکاڵاکەیان لە 31ـى کانوونى دووەم رادەستى دادگەى باڵاى فیدراڵى کراوە و چاوەڕێى رێکارەکانن تەواوبکرێت و وادەیەک بۆ تاوتوێکردنى سکاڵاکە دیاریبکرێت.
 
باسم خەشان گوتى: "ئێمە وەک ئەندامانى لیژنەى دەستپاکى ئەو سکاڵایەمان تۆمارکردووە، بۆ گەڕاندنەوەى دورەید جەمیل بۆ لیژنەکە، کە پێشتر ئەندام بووە تێیدا و بە نایاسایی لەلایەن سەرۆکى پەرلەمانەوە ناوى سڕدراوەتەوە."
 
پەرلەمانى عێراق 25 لیژنەى هەمیشەیی هەیە، هەر لیژنەیەک بۆى هەیە تاوەکو 23 ئەندامى هەبێت بەگوێرەى پشکى پێکهاتە و  فراکسیۆنەکان.