رووداو دیجیتاڵ
تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 6ی ئەم مانگە تەواو دەبێت. سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای دانیشتنێک دەکات بۆ دەنگدان لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنەکە.
رۆژی پێنجشەممە 02-01-2025 مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوای لە ئەندامانی پەرلەمان کرد، "بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، داوا دەکەین رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، رێککەوتی 5ی کانوونی دووەم؛ دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت."
ئیمان عەبدولڕەزاق، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "لە دانیشتنەکەدا دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی وادەی تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەدرێت، دەبێت وادەکەش بە جۆرێک درێژبێت کە کۆمیسیۆن بتوانێت دوای هەڵبژاردنیش کاری یەکلاییکردنەوەی سکاڵا و تانەکان تەواو بکات."
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "لە ماوەکانی رابردوودا قسە لەسەر گۆڕینی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هەبوو کە هەندێک لایەن داوای گۆڕانکارییان دەکرد، بەڵام نازانین ئاخۆ لە دانیشتنی یەکشەممەی داهاتوو هەمان پرس دێتەوە بەرباس یاخود نا."
وەکو یەکەم کاردانەوەش عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، لە کاتی بەشداریکردنی لە دیدارێک لە پارێزگای نەجەف رایگەیاند، "هەوڵ هەیە کە تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان درێژبکرێتەوە، کە ئەو کۆمیسیۆنە لە دوایین هەڵبژاردندا ئەدایەکی باشیان هەبوو."
عەممار حەکیم دەشڵێت، "پێموایە دۆخەکە بەو جۆرەیە کە لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا کۆدەنگیی لایەنەکان دەبێت و تەمەنی کۆمیسیۆن درێژدەکرێتەوە."
بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ بکرێت.
رۆژی 22ی ئایاری 2024، پەرلەمانی عێراق درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی تاوەکو 06-01-2025 پەسند کرد، ئەوەش بەمەبەستی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش پێویستە جارێکی دیکە تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان درێژ بکرێتەوە یان کۆمیسیۆنێکی نوێ هەڵبژێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ