رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە سەلاحەدین. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، سەرۆکوەزیران ژمارەیەک پڕۆژە دەکاتەوە و جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش رادەگەیێنێت.
پێنجشەممە 02-01-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەری حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق و ژمارەیەک پەرلەمانتار گەیشتە پارێزگای سەلاحەدین.
لە بنکەی سەربازیی لیوا ماجید تەمیمی لەلایەن بەدر فەحل، پارێزگای سەلاحەدین پێشوازی لێکراوە.
عادل سومێدەعی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاڵاوتگەی سینییە و بێجی-یە، تەواوکردنی ژمارەیەک پڕۆژە و دەستکردن بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە کە لە بواری وزە رایدەگەیێنێت.
هەر لەوبارەوە، نووسینگەی سوودانی بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران گەیشتووەتە ناحیەی سینییە لە پارێزگای سەلاحەدین، بۆ کردنەوە و دەستپێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی بواری وزە.
ناحیەی سینییە دەکەوێتە سنووری قەزای بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین.
یاسین دادوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی روودای گوت، چەند جارێک وەک ئەنجوومەن و پارێزگای سەلاحەدین بانگەوازیان بۆ وەزیری نەوت کردووە، ئەو نەوتە چارەسەر بکەن کە لە ناوچەی سینییە هەڵدەقوڵێت و تێکەڵ بە ئاوی باران دەبێت.
هاوکات، کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو یەکەی پاڵاوتن لە پاڵاوتگەی نەوتی سینییە دەکاتەوە.
سوودانی یەکەی پاڵاوتنی چوار و پێنجی لە پاڵاوتگەی سینییە کردەوە، کە هەریەکیان رۆژانە توانای پاڵاوتنی 10 هەزار بەرمیل نەوتی-یان هەیە، بەمەش توانای پاڵاوتگەکە بەگشتی بۆ 50 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرزدەبێتەوە. پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە جێبەجێ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ