داهاتی نەوتی عێراق لە 2023 نزیکەی 30 ملیار دۆلار کەمیکردووە

02-01-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2023 زیاتر لە ملیارێک و 200 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەناردەکردووە و چین و هیندستانیش گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراق بوون.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راپۆرتێکدا دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا، عێراق ملیارێک و 232 ملیۆن و 170 هەزار و 126 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە. بەپێی راپۆرتەکە، لەو ساڵەدا، عێراق بە تێكڕا مانگانە 102 ملیۆن و 680 هەزار و 843 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، ئەوەش بە تێكڕا دەکاتە سێ ملیۆن و 422 هەزار بەرمیل نەوت.
 
وەک وەزارەتەکە دەڵێت، هەناردەی نەوت بەراورد بە 2022، ئەم ساڵ 5.36٪ زیادیکردووە.
 
هەرچەندە هەناردەی نەوت لە 2023ـدا زیادبووە، بەڵام وەک وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، لەو ساڵەدا داهاتەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، داهاتی هەناردەی نەوت لە 2023ـدا گەیشتووەتە 87 ملیار و 612 ملیۆن و 295 هەزار و 178 دۆلار، کە لەسەر ئاستی مانگانە بە تێكڕا دەکاتە حەوت ملیار و 301 ملیۆن و 24 هەزار دۆلار، لەسەر ئاستی رۆژانەش دەکاتە 240 ملیۆن و 33 هەزار و 685 دۆلار.
 
لە ساڵی 2022ـدا عێراق بە کۆی گشتی 115 ملیار دۆلاری لە هەناردەی نەوت دەستکەوتووە؛ بەم پێیە، لە ساڵی 2023ـدا بەراورد بە ساڵی 2022، داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق 31.79٪ دابەزیوە.
 
هاوکات، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەڵێت، لە ساڵی رابردوودا، تێكڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی عێراق 78 دۆلار و 31 سەنت بووە، ئەوەش 3.09٪ زیاترە وەک لە 2022 کە لەو ساڵەدا تێكڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراق 75 دۆلار و 97 سەنت بووە.
 
وەزارەتی نەوت دەشڵێت، کۆمپانیا نەوتییەکانی هیندستان و چین گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراق بوون لە 2023ـدا، دوای ئەوانیش کۆمپانیا ئەمریکییەکانن.
 
بەپێی راپۆرتەکە، نزیکەی 70٪ـی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی کەنداوەوە دەچێتە ئاسیا، بەتایبەتیش هیندستان و چین. 30٪ـیەکەی دیکەش، لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی ئەوروپا و ئەمریکا دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە